اخبار, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

ژیری دەستکرد و مۆسیقای کوردی

نووسین: دڵزار عابدی

بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە مۆسیقای کوردیدا، ئەگەر لە ئاستی ئامرازێکی یاریدەدەر، سنووردار و هۆشیارانەدا بمێنێتەوە، دەکرێت بەشێک بێت لە دەرفەتە تەکنیکییە نوێیەکان؛ بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا ڕووی دەدات، چیتر تەنیا بەکارهێنانی ئامراز نییە، بەڵکو هێرشی لۆژیکێکی تازەیە بۆ ناو مەیدانی مۆسیقا.

ئەم لۆژیکە، پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە ڕێڕەوی ئەزموون، پەروەردە، زمان، یادەوەری و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی جیا دەکاتەوە و دەیکاتە بەرهەمێکی خێرا، هەرزان و نابەرپرسیار. مۆسیقای کوردی لە مێژووی خۆیدا تەنیا کۆمەڵێک مێلۆدی و ڕیتم نەبووە؛ بەڵکو هەڵگری یادەوەریی زیندووی نەتەوەی کورد بووە. کاتێک ئەم مەیدانەیە بە لافاوێک لە بەرهەمی دەستکرد پڕ دەبێتەوە، مەترسییە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە چەند بەرهەمێکی لاواز دروست بن؛ بەڵکو مەترسی ئەوەیە کە خودی «پێوەری بەهادانان» بگۆڕێت. ژیریی دەستکرد لە دۆخێکی وەهادا لاسایی مۆسیقای کوردی لە ناوەوە دەکاتەوە، بەڵام ژیانی ناکات. ڕەنگە دەنگێک هاوشێوەی گۆرانیبێژێکی کورد دروست بکات، وشەی کوردی بخاتە ناو تێکستەکەوە، بەڵام ئەو پەیوەندییە نادیارەی نێوان بەرهەم و ژیانی کۆمەڵایەتیی تێدا نییە. مۆسیقای کوردی لە ناخی ئەو جەستانەوە هاتووە کە زمانیان بە شێوەزار، ئازاریان بە هەناسە و مێژوویان بە دەنگ هەڵگرتووە. دەنگی حەسەن زیرەک، ناسر ڕەزازی، تاهیر تۆفیق، یان زۆربەی گۆرانیبێژە خۆماڵییەکان تەنیا «داتا» نین؛ بەڵکو تەلپوو و ڕسووبی ژیانێک، پێگەیەکی مێژوویی و پەیوەندییەکی ئەخلاقین لەگەڵ کۆمەڵگەدا. ژیریی دەستکرد دەتوانێت ڕووکەشی ئەم دەنگانە لاسایی بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت بەرپرسیارێتییە مێژووییەکەیان هەڵبگرێت.

 

کێشەیەکی تر، وێرانکردنی ئابووری و شکۆی کاری هونەرمەندە. مۆسیقای ڕاستەقینە کاتی دەوێت: ساڵانێک فێربوون، ڕاهێنان، شکستهێنان، ئەزموون، ناسینی زمان و کارکردن لەگەڵ ستافی بەرهەمهێنان. بەڵام بەرهەمهێنانی دەستکرد ئەم ڕێگەیە دەبڕێت و بە خێراییەکی زۆر زیاتر، بازاڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ دەکات. کاتێک بیسەر ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەیان گۆرانیی دەستبەجێ و کەم‌تێچوو دەبێتەوە، گوێی بە بەکاربردنی خێرا ڕادێت. لە ئەنجامدا، بەهای ڕەنجی هونەری دادەبەزێت و هونەرمەندی ڕاستەقینە دەکەوێتە کێبڕکێ لەگەڵ شتێکدا کە نە ژیانی هەیە، نە تێچووی مرۆیی، نە بەرپرسیارێتیی کولتووری و نە پابەندییەک بە پاشەڕۆژی مێژوویی مۆسیقای کوردییەوە. ئەم دۆخە بەتایبەت بۆ مۆسیقای کوردی مەترسیدارە، چونکە ئەم مۆسیقایە پێشتریش لەگەڵ کەمیی دامەزراوەی پەروەردەیی، لاوازیی ئابووریی سەربەخۆ، نەبوونی ئەرشیفی نیشتمانی، گوشاری دەوڵەتە داگیرکەرەکان و پەرشوبڵاوی ناوەندی ڕاگەیاندن بەرەوڕوو بووە.

لە ڕوانگەی «هەژموون»یشەوە پرسەکە زۆر جیدییە. مەیدانی مۆسیقای کوردی هەمیشە شوێنی ململانێی نێوان هێزە جیاوازەکان بووە. ئێستا ژیریی دەستکرد دەتوانێت ببێتە هێزێکی تازەی هەژموونی؛ هێزێک کە نەک لە ڕێگەی قەدەغەکردن، بەڵکو لە ڕێگەی سەرڕێژکردن (ئیشباع) کار دەکات. واتە مۆسیقای ڕاستەقینە ناسڕێتەوە، بەڵکو لە ناو لافاوێکی گەورە لە بەرهەمی بێ‌ڕەگ، بێ‌دەموچاو و بێ‌مێژوودا ونی دەکات. لە دۆخێکی ئاوادا، مەترسی تەنیا کەمبوونەوەی کوالێتی نییە؛ بەڵکو مەترسییەکە بێ‌ناوەندبوونی یادەوەریی مۆسیقایی نەتەوەی کوردە.

مۆسیقای کوردی ئەگەر بۆ بەرهەمهێنانی دەستکردی بێ‌سەروبەر جێ بهێڵدرێت، هێدی هێدی لە مەیدانی داهێنانەوە بۆ مەیدانی هاوشێوەسازی (Simulation) گەورە دەبێتەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە ڕەنگە لە ڕووی ڕووکەشەوە کوردی بێت، بەڵام لە ناوەڕۆکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی خاڵییە. ئەم جۆرە مۆسیقایە نە درێژە بە نەریت دەدات، نە پاشەڕۆژ بنیاد دەنێت؛ تەنیا «بەکاردەبرێت».

بۆ نەتەوەیەک کە هێشتا بۆ زمان، یادەوەری، شکۆی نیشتمانی و ناوەندی کولتووریی خۆی دەجەنگێت، شتێکی وەها تەنیا کات‌بەسەربردنێکی سادە نییە؛ بەڵکو شێوازێکی نەرمی داخووڕانی کولتوورییە. هێڵی سوور لێرەدایە: نابێت ژیریی دەستکرد جێگەی هونەرمەندی کورد، دەنگی کورد، پەروەردەی کوردی و یادەوەریی زیندووی مۆسیقای کوردی بگرێتەوە. ئەگەر بڕیارە بەکار بهێنرێت، دەبێت لە خزمەت هونەرمەند، ئەرشیف، پەروەردە، نۆژەنکردنەوەی تەکنیکی، دابەشکردنی یاریدەدەر یان ئەزموونە سنووردارەکاندا بێت؛ نەک وەک کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی گۆرانیی بێ‌ڕەگ.

مۆسیقای کوردی پتر لەوەی پێویستی بە خێرایی هەبێت، پێویستی بە قووڵایی هەیە؛ پتر لەوەی پێویستی بە زۆریی بەرهەم هەبێت، پێویستی بە دامەزراوە، یادەوەری، پەروەردە و ئەو هونەرمەندانە هەیە کە بتوانن پاشەڕۆژەکەی لە ناخی خودی کۆمەڵگەوە بنیاد بنێن.

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *