ئاوەڕدانەوەیەک لە ئاسەواری بواری «زمانەوانی» و «وەرگێڕانی زانستی و هزری»ـی نووسەرانی سەقزی
– دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس، نووسەر و لێکۆڵەر
ئاوڕدانەوە لە مێژووی وەرگێڕانی بواری زانستی و هزری(نەک وەرگێڕانی بابەتی ئەدەبی و مێژوویی)، کە بەهۆی پێوەندیی ئەم بوارە لەگەڵ بابەتی وشەڕۆنان و هاوتا دۆزینەوە بۆ چەمک و کانسێپت و تێڕم و زانست-وشە زانستی و هزرییەکان، کەم یان زۆر، دەکەوێتە خانەی چالاکیی زمانەوانی؛ هاوڕێ لەگەڵ ئاوڕدانەوە لە مێژووی چالاکیی زمانەوانیی گشتی هەر کام لە ناوچە و دەڤەر و شارەکوردنشینەکان؛ خۆی لەخۆیدا دەتوانێ وەک پێشەکییەک لە ئەژمار بێ بۆ نووسینەوەی مێژووی زانستی کوردەواری، بەگشتی؛ هەروەها مێژووی چالاکییە زانستییەکانی بواری زمانەوانیی کوردی بەتایبەتی.
هەر لەو کڵاوڕۆژنەوە، لەم وتارەدا ئاوڕێکم داوەتەوە لە ناساندنی چالاکانی بواری وەرگێڕانی زانستی و هزری و بواری زمانەوانیی گشتی لە مێژووی ڕۆشنبیریی سەردەمی سەقزدا، هاوڕێ لەگەڵ ئاماژە بە ناو و پێناسەی ئاسەوارگەلی پێوەندیدار بەم دوو بەستێنە هاوکوف و هاوچەشنەوە.
۱- ئاسەواری بواری وەرگێڕانی زانستی و هزری:
گەر سووکەئاوڕێک لە وەرگێڕانی بابەتی زانستی و کۆمەڵایەتی و فیکری و فەلسەفی بدەینەوە، لە زمانی فەڕانسە و ئینگلیسی و عەڕەبیڕا بۆ سەر زمانی کوردی و فارسی، چەندین وەرگێڕی پایەبەرزی سەقزی لەم بوارەدا لە لای سەرووی ئەم چینە وەبەرچاو دەکەون. پێش هەمووان جێی خۆیەتی ئاماژه بە ناوی مامۆستای پایەبەرز، دوکتۆر سەید محەممەد خالید غەففاری، مامۆستای خانەنشینی ئەدەبیاتی فارسیی زانستگای ئازادی سنە بکەم کە ۱۵ ساڵی ڕەبەق سەرقاڵی وەرگێڕانی شاکاری بەناوبانگی بواری پزشکی واتە «کامل الصناعه الطبیه»، لە دانانی زانا و پزیشک و دەروونناسی هەرە بلیمەت و هەڵکەوتە «عباس مجوسی اهوازی» بووە؛ ئەم بەرهەمە زانستییە جیهانی و شاز و مەزنە، ۱۱۰۰ساڵ لەوەپێش داندراوە و هاولف و هاوقۆڵ و هاواڵدووانەی «قانون فی الطب»ـی ئیبنیسینایە لە بواری پزشکیدا. زانای هەرەناوداری هاوچاخ و عەڕەبیزانی بلیمەت و هەڵکەوتەی بواری مێژووی پزیشکی، دوکتۆر مەهدی موحەققیق، کە پێشەکی بۆ ئەم وەرگێڕانە هەرە مەزن و شاکارە نووسیوە دەڵێ: «هەم لە بابەت گرینگایەتی و هەستیاری ناوەرۆکەوە و هەم لە بابەت دژواریی دەقی سەرەکییەوە و هەم لە بابەت جێگە و پێگەی زانستییەوە، کتێبی (کامل الصناعه الطبیه)، هاوقۆڵ و هاولف و هاواڵدووانەی «قانون فی الطب»ـی ئیبنیسینایە و سەرکەوتوویی وەرگێڕەکەشی، دوکتۆر سەید محەممەد خالید غەففاری، هاوچەشن و هاوتای سەرکەوتوویی ئوستاد هەژارە لە وەرگێڕانی (قانون فی الطب)دا».
هەروەها لە بواری وەرگێڕانی دەقی عەڕەبیدا، جێی خۆیەتی ئاماژە بە ناوی زانای بلیمەت و هەڵکەوتەی سەقزی، دوکتۆر محەممەد فازیلی، مامۆستای کەموێنە و خانەنشینی بواری زمان و وێژەی عەڕەبی لە زانستگای مەشهەد بکەم کە جیا لەوەی دوو کتێبی تەرز وبەرزی لە زمانی عەڕەبی ڕا بۆ سەر زمانی فارسی، بە لێهاتوویی و شارەزایی تەواوە وەرگێڕاوە، هەروەها کتێبی هەرە ناسراوی ئەم زانا ناودارەی کورد لە ژێرناوی «دراسه و نقد فی مسائل بلاغیه هامّه»، کتێبی دەرسیی بواری بەلاغەتە لە قۆناغی کارناسیباڵا و دوکتۆڕای زمان و وێژەی عەڕەبی لە زانستگاکانی ئێراندا.
وەرگێڕێکی تری سەقزی، دوکتۆر حیسامەددین(هیوا) خاکپوورە، کە وەرگێڕ و ڕەخنەگرێکی نوێخوازە و دوکتۆرای زمانی عەڕەبی هەیە و چەند کتێبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و کوردی، بۆ وێنە کتێبی بەناوبانگ و گرینگی «سنت و نوسازی»، لە بیرمەند و فەیلەسووفی هەرەناوداری جیهانی ئیسلام، دوکتۆر حەسەن حەنەفی؛ هەروەها ئەم وەرگێڕە، چەند کتێبی پڕۆفیسۆر جەماڵ نەبەزی، لە بابەت کێشەی کورد، لە عەڕەبیڕا وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
هەروەها، مەلا کامیل شەریف پوور، دوو کتێبی ئایینی و نەتەوەییی پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی و پڕۆفیسۆر جەماڵ نەبەزی لە عەڕەبیڕا وەرگێڕاەتە سەر زمانی فارسی و کوردی.
دوکتۆر ئەفزەل وسووقی، مامۆستای خانەنشینی زمانناسیی زانستگای مەشهەد، وەرگێڕێکی زانای سەقزییە کە زۆر ئاسەواری لە زمانی فەڕانسەڕا وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی. ۲ کتێب لە بەرهەمە تەرز و بەرزەکانی ئەم زانا بلیمەتە لە بابەت مێژووی وێژەی فەڕانسە، کتێبی دەرسیی زانستگاکانە لە ڕشتەی زمان و ئەدبیاتی فەڕانسەدا و، لە زمانی ئینگلیسیـش ڕا زۆر شاکاری وەک «شب دوازدهم»ـی ویلیام شێکیسپیێری وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و چەندین جار لە لایەن وەشانگەی «سرووش» بڵاوکراوەتەوە.
لە بابەت وەرگێڕانی بابەتی فەلسەفیـش بە ئەوپەڕی شانازییەوە، گەورەترین پڕۆژەی وەرگێڕانی فەلسەفی بۆ سەر زمانی کوردی، لە لایەن وەرگێڕێکی ماندوویینەناس و پەیجۆری سەقزی، ڕێزدار سەعید کاکی بە ئەنجام و ئاکام گەیشتووە کە بریتییە لە وەرگێڕانی هەر ۱۰بەرگەکەی مێژووی فەلسەفەی ڕاتلێج بۆ سەر زمانی کوردی؛ کە ئەم سەرکەوتووییی ئەم وەرگێڕانە گەورە و چەند بەرگییە لە بواری فەلسەفە و مێژووی فەلسەفەدا، خۆی لە خۆیدا هێمای ئەوەیە کە زمانی کوردی، وەک زمانێکی پڕوزەی ڕەسەن و خاوەندەفرییەتی لەبننەهاتووی زمانەوانانە، ئەم توانست و بڕشت و بڕست و لێهاتوویییە و ئەم لواوی و شیاوییە زانستییە حاشاردراوەی هەیە کە گەورەترین کتێبە فەلسەفییەکانی دونیا بۆ سەر ئەم زمانە وەرگێڕدرێ و تەنانەت پێشی بنووسرێ.
لە بواری وەرگێڕانی بابەتی کۆمەڵناسیدا، ئاماژە بە ناوی چەند وەرگێڕی خاوەنمرخی سەقزی دەکەم: ڕێزدار دوکتۆر حوسێن محەممەدزادە، کە جیا لە بابەتی کۆمەڵناسی، وەرگێڕانێکیشی لەبابەت زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە ڕوانگەی زمانناسان و ڕۆژهەڵاتناسان بە ئاکام گەیاندووە لە ژێر ناوی «سێ وتار لە سەر ئەدەبیاتی کوردی»؛ هەروەها بەڕێزان مەنسوور تەیفووری و خالید شێخی کە بەتەرتیب لە فەڕانسە و فارسیڕا کتێب و بابەتی کۆمەڵناسانەیان، بە سەرکەوتوویی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوەتەوە؛ جێی خۆیەتی ئاماژە بە ناوی نووسەر و لێکۆڵەری بەرپرسیاری سەقزی، ڕێزدار خالید عەلیزادە بکەم، کە چەندین کتێبی بابەتییانەی لە بواری زانستی کۆمەڵناسی و پرسە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی، هەروەها لە بواری کۆمەڵناسیی کوردەواریدا بەتایبەتی، نووسیوە و بڵاوی کردووەتەوە. جێی خۆیەتی، یادێکیش بکەین لە بەرهەمهێنەری دەقی زانستی لە بواری زانستی دەروونناسی، بە زمانی کوردی، دوکتۆر عادل کەریمی، کە لەم بەستێنە و لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، پێشەنگ و ڕچەشکێنە، هەرچەند لە سەرەتا و دەسپێکی ئەم ڕێچکەیەدایە. هەروەها مەلا کامیل شەریفپوور بە وەرگێڕانی وتارێکی ۴۲ لاپەڕەیی و بابەتییانە لە ئینگڵیسیڕا بۆ کوردی، لە ژێر نێوی: «ناسیۆنالیزم و ڕۆشنبیران لە نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا: کاتالان وەک نموونە»، خۆی وەک وەرگێڕێکی بەرپرسیار لە بواری ڕووناکبیری و مژارە هزری و کۆمەڵایەتییەکاندا ناساندووە.
۲. ئاسەواری بواری زمانناسی، بەگشتی:
لە بواری زمانناسیدا، چەندین لێکۆڵەری سەقزی، وتار و کتێب و وشەنامەیان بەرهەمهێناوە، کە وەک نموونە ئاماژە بە ناوی هێندێکیان دەکەین: خوالێخۆشبوو مستەفا کاوە (جیا لە کتێبی بەپێزی «مونوگرافی سقز»، کتێبی زۆر بابەتییانە و لێکۆڵینەوەیی «زبانشناسی و دستور زبان کردی لهجەی سقزی» نووسیوە، کە من خۆم لە گۆڤاری مەهابادی ژمارە۷۸، ساڵی۱۳۸۶، وتارێکم لەژێر سەردێڕی: «هەوڵێکی مەزنی زمانەوانی»، لەسەر نووسیوە و ناساندوومە؛ مامۆستا مستەفا کەیوان (جیا لە کتێبی بەپێزی «نوروز در کردستان»؛ لە بواری زمانناسیدا چەند وتاری لە گۆڤاری بەوەج و بەناوبانگی «یغما»، لە ساڵەکانی ۱۳۴۵ تا ۱۳۵۰ بڵاو کردووەتەوە)؛ ڕامان غەفووری (چەندین وتاری ڕێکوپێکی لە بابەت ڕەچەلەکناسیی وشەی کوردی و کتێبێکی لە ژێر ناوی «سەرەتا» لە بابەت زمانی کوردی، بڵاوکردووەتەوە)؛ مامۆستا دوکتۆر سەید محەممەدخالید غەففاری ( جیا لە وەرگێڕانی«کامل الصناعه فی الطب»، لە ۶ بەرگدا کە پێشووتر ناسێندرا و لە بواری زمانناسیشەوە جێی باس و لێدوانە، بەهۆی ئەوەوە کە لە بواری پێوەندیداری «لێکۆڵینەوەکانی وەرگێڕان»[Translation Studies]، لە ژێرلقەکانی زمانناسیی کردەییدا دەگونجێ؛ هەروەها بەرهەمێکی تەرز و بەرزی ئەم زانایە، واتە «فرهنگ اصطلاحات آثار شیخ اشراق»، کە هاوکات هەم لە بواری هزری و فەلسەفییەوە جێی سەرنج و تێڕامانە و هەم لە باری پێکهاتە و مێتۆدی فەرهەنگنووسییەوە_ کە ئەو بەشەی دوایی دەکەوێتە ئەستۆی زانستی زمانناسییی کردەیییەوە_؛ جیا لەوانە لە بابەت کەسایەتیناسی و ناودارناسییەوە جێی لێخوردبوونەوەیە، بەتایبەت کە شێخی ئیشڕاق، بیرمەند و فەیلەسووفێکی خاوەن قوتابخانەی کوردزمان بووە؛ کتێبێکی تری ئەم زانا هەڵکەوتەیە «دستور تحلیلی زبان فارسی»ـە، کە دەکەوێتە جەغزی لقی سێنتاکس و ڕستەسازی لە لقە سەرەکییەکانی زمانناسی کە لەژێر کاریگەری و شوێندانەریی دەسکەوتەکانی نوێی زانستی زمانناسیدا نووسراوە).
لە بابەت مژاری «ڕێنووس»ـەوە، بە بڕوای من، کتێبی «ڕێنووسی کوردی»، بەرهەمی خوالێخۆشبوو عەتا بەرفی (چاپ اول، نشر احسان،۱۳۷۷)، لە زۆربەی هەرە زۆری ئەم کتێبانەی تا ساڵی ۱۴۰۰، لە لایەن نووسەران و لێکۆڵەرانی کوردستانی ئێران بەرهەم هاتوون، لە پێوەندی لەگەڵ «ئاوڕدانەوە لە دەسکەوتەکانی زمانناسی لە نووسینی ڕێنووسدا»، بەپێزتر و بەهێزترە؛ ئێستاشی لەگەڵدابێ، جیا لە کتێبی ڕێنووسی کوردی، نووسراوەی ڕێزدار دیاکۆ هاشمی، واتە «پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی»(سۆئێد،۲۰۲۱) و بەتایبەت کتێبی «بەرەو ڕێنووسی پێوەری کوردی»(چاپەمەنیی مانگ، ۱۴۰۱)، لە نووسینی دوکتۆر بێهرووز چەمەن ئارا، کە هاوسەنگ و هاوتای ئەم کتێبەی خوالێخۆشبوو عەتا بەرفی لەئەژمار دێن و تەنانەت لە زۆر بابەتەوە وردەکاری و وردبینی و شڕۆڤەی پتری زانستییان هاوپێچ کراوە (بەتایبەت کتێبەکەی دوکتۆر بێهرووز چەمەنئارا)، کتێبەکەی خوالێخۆشبوو عەتا بەرفی(جیا لە دوو کتێبی گۆرین) لە تێکڕای کتێبەکانی تری ئەم بوارە، زانستیتر و شێوازمەندترە و بە ڕاشکاوی خاوەنی پلە و پێگەی سێهەمە لە نێوان سەرجەم ئاسەواری هاوشێوەی خۆی لە کوردستانی ئێراندا.
کەسایەتییەکی پایەبەرزی سەقزی کە لە بواری زمانناسیدا زۆر شارەزا، توانا و زانایە و گەلێک ئاسەواری بەپێزی خوڵقاندووە، مامۆستای ڕێزدار دوکتۆر حەمید حەسەنیـیە، کە دوکتۆرای زمان و ئەدەبی فارسی هەیە و لێکۆڵەری پایەبەرزی گرووپگەلی جیا جیای وەک: «فەرهەنگ نووسی»، «ڕێزماننووسی»، «زانستنامەنووسی»، «ویراستاری» و «وەزن و کێشی شێعر»ـە، لە «فرهنگستان زبان فارسی ایران»ـدا و لە بواری فەرهەنگنووسیش ئاسەواری بەپێزی ئافراندووە و یەکێک لە هاوکاران و هەڵەچنان و ویراستارانی سەرەکیی «فرهنگ سخن» بووە کە زانستیترین و سەردەمیانەترین و شێوازمەندترین و کامڵترین فەرهەنگی وشەی فارسییە. هەروەها دوکتۆر حەمید حەسەنی، لە بواری کێش و سەروادا و لە زانستی «عروض و قافیە»دا بە شێوازی زمانناسانە، یەکێک لە لێکۆڵەران و خاوەنڕایانی ناسراو و زانا و شارەزای ئێران لە ئەژمار دێ. دوکتۆر حەمید حەسەنی، زاناترین و شارەزاترین و پڕبەرهەمترین پێداچۆرەوە/بژارکار/ویراستاری کوردی ئێرانییە کە پێداچوونەوەی بۆ پتر لە ۱۰۰ کتێبی زۆر گرینگی ئەدەبی و زمانەوانی کردووە. هەروەها هیچ کوردێکی ئێرانی بە ڕادە و ڕێژەی ئەو، بەرهەمی بەشێوەی وتاری زانستی- لێکۆڵینەوەیی لە زانستنامەکاندا لێ چاپ و بڵاونەبۆتەوە؛ تەنیا وتارە زانستییەکانی کە بۆ «دانشنامەی زبان و ادب فارسی» نووسیوە و لەوێدا بڵاوبوونەوە، پتر لە ۱۰۰ وتاری بەهێزی زانستی- لێکۆڵینەوەیین. ئەو مامۆستا پایەبەرزە هەروەها لە نووسینی چەندین کتێبی ناسراوای زانستیدا، هاریکار و ڕاوێژکاری زمانناسان و دەستوورنووسانی هەرە ناسراوی ئێرانی وەک: دوکتۆر خوسرەو فەڕشیدوەرد و دوکتۆر عەلی ڕەواقی بووە. ئەم مامۆستا بەناوبانگە، هەروەها ئەندامی کۆڕی زانستیی «موسسە لغتنامەی دهخدا»ـیە و لە هاوکاران و لێکۆڵەرانی سەرەکیی ئەم ناوەندە زانستییە گەورەیە لە ئەژمار دێ.
لەم بەستێن و بوارەدا، مامۆستا عومەر فاڕووقی، دوو بەرهەمی وەرگێڕاوە کە دەکەوێتە جەغزی زانستی «زمانناسیی مێژوویی»ـیەوە، واتە وەرگێڕانی: «ئەوێستا» و وەرگێڕانی «کارنامەی هەردەشیری بابەکان».
کەسایەتییەکی دیکەی سەقزی کە بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانی لە بواری زمانناسی نێوانڕشتەیی دایە، خاتوو دوکتۆر چیمەن فەتحییە کە دوکتۆرای ئەدبیاتی فارسی هەیە و مامۆستای زانستگایە و زۆر وتاری زانستی-لێکۆڵینەوەیی بەپێزی نووسیوە، لە بواری ئەدەبی بەرواردکارانەی کوردی و فارسی لە گۆشەنیگای گوتارناسیی زمانەوانی-فەلسەفییەوە. وتارەکانی لە بابەت هەڵسەنگاندن و بەراوردی گوتارناسانەی شێعری ژیلا حوسێنی لەگەڵ فرووغ فەڕڕوخزاد، هەروەها هەڵسەنگاندنی گوتارناسانە و هێڕمۆنیتیکی و زمانەوانانەی ڕۆمانی دوایین هەناری دونیای بەختیار عەلی و زۆر بابەتی تری هاوشێوەن. یەکێک لە توخمە بەرچاوەکان لە لێکۆڵینەوەکانی ئەودا، جیا لە بواری زمانناسانە و گوتارناسانەی دەق، گرینگیدانی تایبەتە بە فەلسەفەی هونەر.
لە بواری فەرهەنگنووسیدا، وەک لقێک لە لقەکانی زمانناسیی کردەیی، دەکرێ ئاماژە بە فەرهەنگی ناهید بکەین لە دانان و گردوکۆیی ڕێزدار محەممەد ناهید. ئەم فەرهەنگە ئەم وشە و زاراوانەی لەخۆگرتووە کە یان لە هەنبانە بۆرینەدا نەهاتوون، یان هاتوون بەڵام مانای تریشیان هەیە.
هەر لەم بوارەدا، ئەنجوومەنی ئەدەبیی«پەیف»، لە حەفتاکان و هەشتاکانی هەتاویدا، دەورێکی گرینگی هەبووە لە پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوەی شڕۆڤەکارانەی زانستی، ئەدەبی و زمانەوانی، بۆ شڕۆڤە، لێدوان و هەڵسەنگاندنی ئاسەواری ئەدەبیی نووسەران، شاعیران، چیڕۆکنووسانی کلاسیک و سەردەمی کورد بە ئاوڕدانەوە لە دەستکەوتەکانی زانستی زمانناسی و گوتارناسی و هێڕمینیوتیکی دەق؛ بەتایبەت ئەندامی هەڵسووڕا و ئۆگری بواری زمانەوانی لەو ئەنجوومەنەدا، ڕێزدار ڕەزا شەجیعی.
جێی خۆیەتی لە کۆتایی ئەم وتارەدا، ئاماژەیەکی هەرچەند کورتیش بە چەند کەسایەتیی تری سەقزی بکەم، کە هەرکام لەم بەڕێزانە ئاسەوارگەلێکیان بەرهەمهێناوە کە لە باری پۆلێنبەندییەوە دەکەونە بواری زمانەوانی:
۱. خوالێخۆشبوو مامۆستا محەممەد موڕتەزایی (1316_1396)، نووسەری کتێبی «زبان کردی و لهجەهای آن»(۱۳۵۷، تبریز، مهرگان)؛ کە کتێبێکی ورووژێنەر و بەرگریکارانه و شوناستەوەر و بەرپرسیارانە لە ئەژمار دێت. ئەم کەسایەتییە، جیا لەو بواری زمانناسی، لە بواری وەرگێڕانی ئەدەبیشدا بەرهەمێکی تۆکمە و جێی سەرنجی خوڵقاندووە و چاپ و بڵاوی کردووەتەوە لە ژێر ناوی: «فریادی از کردستان»(تبریز، ۱۳۵۷، نشر رفعت)، کە لەخۆگری وەرگێڕانی ئەدەبیی شێعری شاعیرانی کوردی کوردستانی عێڕاقە.
۲. ڕێزدار خالق ڕەحمانی، کە جیا لەوەی وەرگێڕێکی ئەدەبیی خاوەنمرخ و توانا و شارەزایە و مەم و زینـی خانە، زۆر سەرکەوتووانە و سەردەرچووانە، لە کوردی ڕا بۆ فارسی و هەر بە شێعر وەرگێڕاوە، هەروەها لە نووسینی کتێبێکی دەرسی و پەروەردەیی و فێرکاریی کەموێنە و شێوازمەند و تۆکمە و تەکووز و زانستییانە، لەژێر سەردێڕی: «وانەی کوردی»، کە تائێستا ۱۱ جار و هەر جارەی ۳۰۰۰ بەرگی لێ چاپ و بڵاو بووەتوە، دەوری هەرە سەرەکی هەبووە. ئەم بەرهەمە بە هاوکاری نووسەرانی تری سەقزی وەک ڕێزداران: زاهید ئارمی، ئەنوەر بەرقی، محەممەدعیرفان پارسا، ئەمیر حەبیبی و مەحموود کەرەمی نووسراوە.
۳. ڕێزدار دوکتۆر هادی وەیسی، خاوەنی دوکتۆرای ئەندازیاریی کەمپیوتێر لە زانستگای سەنعەتیی شەریف و مامۆستای خاوەن پلە و پێگەی زانکۆیی «دانشیاری»، لە زانستکەدەی کەمپیوتێری زانستگای تاران. ئەم کەسایەتییە زانستییە پایەبەرزە، هەروەها بەرپرسی گرووپی توێژینەو و گەشە و پەرەی «ئاسۆ سافت»ـە؛ ئەم گرووپە لە بواری دەستەبەرکردنی سەرچاوەی زمانی کوردی لە دنیای دیجیتاڵدا زۆر چالاک و توانا و بەرهەمهێنەرن و بەتایبەت لە بواری زمانناسیدا و، بەتایبەتتر لە بواری زمانناسیی کەمپیوتێریدا، زۆر چالاک و شارەزا و سەرکەوتوون و چەندین «جەستەی زمانی» (=Linguistic Corpus) و دەیتابەیسی زمانی کوردییان گردوکۆ و تەتەڵە و «پەرداوەتە» (=پردازش/[ ing]process) کردووە.
تـێـبـیـنـی:
– ئەم وتارە، بەشێکە لە پێشەکیی چڕوپڕی ۹۳ لاپەڕەییی دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس، نووسەر و لێکۆڵەر، کە لەسەر کتێبی: «سـەقـز لـە ڕوانـگـەی شـاعـیـراندا»
(لە گردوکۆیی بەڕێز مستەفا ئاسوور)، نووسراوە.
– ئەم وتارەی سەرەوە، تەنیا باسی بواری «زمانەوانی» و «وەرگێڕانی زانستی و هزری»[نەک هەموو بوارەکانی وەرگێڕان]، دەکات.
بوارەکانی تر، بە تێروتەسەلی و بە چڕوپڕی لە پێشەکییەکەم دا باس کراون.