اجتماعی, اخبار, ویژه خبری, یادداشت

ئیفتیخار و هزری کۆمەڵایەتی

د. خالید ته‌وه‌کوولی

“عەبدووڵڵا ناهید” ناسراو بە ئیفتیخار، لە ساڵی ۱۲۷۰ی هەتاوی لە دایک بووە و ساڵی ۱۳۲۴ لە ئاوایی سڵێمان‌کەندی سەر بە شاری سەقز کۆچی دوایی ئەکات. ئیفتیخار بەم جۆرە باسی بنچینە و ڕەگەزی خۆی ئەکا: ناوم عەبدووڵڵا و شۆرەتم ناهیدە، بە ڕەگەز ئاریایی و بە نەتەوە کوردم، باب و باپیرم هەر لە کوردستان ژیاون و هەمیشە سەرۆک‌خێڵ و عەشیرە بوون و بە سەربەرزی تەواو ژیانیان بەسەر بردوە.

ئیفتیخار ئەدیبێکی خامەڕەنگین بووە و چەندین کتێبی ئەدەبی بەزمانی فارسی نووسیوە کە بریتین لە: «چگونه به مریخ رفتم»، «پهلوانان گمنام»، «مصاحبه با شیطان»، «تکوین کائنات»، «پروفسور در یأس» و «احمد و رضا» کە بە داخێکی گرانەوە تەنیا دوو کتێبی یەکەمیان لە چاپ دراون. ئەم زاتە پایەبەرزە هەروەها یەکێکە لە نەققاشە بەناوبانگەکانی ئێران کە بەشێک لە تابلۆکانی ئێستا لە “مووزەی مەجلیس”دا هەن و هێندێکی تریان لێرەو لەوێ لە دەست خەڵک و خزم و کەسەکانی دایە.

ئیفتیخار کتێبێکی تری هەیە بەناوی «خاطرات من» کە خۆشبەختانە کاک ئەحمەد قازی زەحمەتی کێشاوە و بەچاپی گەیاندوە. لەم کتێبەدا لە گەڵ کەسایەتی و بیروبۆچوونی ئیفتیخار ئاشنا دەبین، چونکە بیرەوەرییەکانی زۆر ڕازی نهێنی و شاراوەمان بۆ دەدرکێنێ و لایەنی نادیاری ڕووداوەکانمان بۆ دەردەخا.

ئەوەی لە ڕوانگەی منەوە شایانی باسە و جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئیفتیخار، ئەو جۆرەی کە لە بیرەوەرییەکاندا بەرچاو دەکەوێ، تەنیا کەسایەتییەکی هونەری و ئەدەبی نەبووە. بەڵکوو دەتوانین بڵێین بیرمەندێکی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسێکی وردبینیش بووە. ئەو تەنیا سەروبەری رووداوەکان بەوجۆرە کە ڕوویان داوە نانووسێتەوە و لە گەڵ گێڕانەوەی ڕووداوەکان، لێکدانەوەی ژیرانە و شیکردنەوەی وشیارانەیشی سەبارەت بە ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی هەیە. بۆچوون و دیدی سەبارەت بە ڕۆژئاوا و پێشکەوتن و هۆگەلی دواکەوتوویی، خوێندەواری و هەڵسوکەوتی لە گەڵ خەڵک لە دەورانی حاکم‌بوونیدا بیر و هزری ئیفتیخارمان بۆ دەردەخا کە چەندە پێشکەوتووتر بووە لە سەردەمی خۆی.

ـ ئیفیتخار شیکردنەوەیەکی وردبینانە و لە ڕاستیدا کۆمەڵناسانەی هەیە سەبارەت بە شەڕی نێوان فەیزووڵڵابەگییەکان و دێبوکرییەکان. ئەو باسی دوای شۆڕشی مەشرووتە ئەکا کە چۆن محەمەدعەلیشا هێرش دەکاتە سەر مەجلیس و تۆپبارانی ئەکا و ئەمە ئەبێتە هۆی لاوازبوون و بێ‌هێزبوونی دەوڵەتی مەرکەزی و بەمجۆرە ئاڵۆزی و پشێوی وڵات دەگرێتەوە، هەر عەشیرەتێک گەرەکیەتی حکوومەت بۆخۆی دامەزرێنێ و شەڕوشۆڕ تەواوی وڵات دەتەنێتەوە.

دیارە لە کوردستانیش ململانێ و شەڕ دەست پێ‌بکات و فەیزووڵڵابەگییەکان لە لایەن دێبوکرییەکان کە سەد ساڵ تەمەنی دامەزرانییان لەو ناوچە هەیە، تووشی مەترسی بن. دێبوکرییەکان لەو ساڵانەدا لە پێشکەوتن و تەرەقیدا بوون و بەپێچەوانەوە فەیزووڵڵابەگییەکان کە مێژوویەکی کۆنتریان هەیە بەرەو بێ‌هێزی و دابەزین لە پلەوپایەی کۆمەڵایەتی و کاریگەری لە سەر ناوچە ئەچن.

 

ئەم سەرکەوتن و دواکەوتنە هەر وا لە خۆوە نیە و بەڵکوو جیا لە هۆکاری سیاسی، دەبێ هۆگەلێکی کۆمەڵایەتیشی ببێ. بۆچوونی ئیفتیخار کۆمەڵناسانەیە و ئەگەرچی خۆی لە سەرانی فەیزووڵڵابەگییە بەڵام بێلایەنانە لەم پرسە دەکۆڵێتەوە و بەمجۆرە شی ئەکاتەوە:

ئاغا و سەرۆک‌عەشیرەتەکانی فەیزووڵڵابەگی، زۆربەیان خوێندەوارن و ئەمەش بووە بە هۆی ڕابواردن و ژیانی ئاسوودە و خۆشگوزەران. بەتایبەت لاوەکان و تازەپێگەیشتووەکانیان، زۆربەیان ئەم کردار و ڕەوشتەیان گرتۆتەبەر. ئیفتیخار پێی وایە کە فەیزووڵڵابەگییەکان، ڕۆحی جەنگاوەری و دەمارگرژیی عەشیرەییان لە ژێر کاریگەریی ژیانی لوکس و ڕازاوە لە دەست داوە و فێری ژیانی ڕاحەت و بێ‌کێشە بوون.

بەپێچەوانەوە دێبوکرییەکان، تازە پێگەیشتوون و ماوەیەکی زۆر نیە کە زەوی و زارێکی زۆر و پڕ پیت و بەرەکەتیان دەست کەوتووە و زۆر بە جیدی خەریکی کار و چالاکین و هێشتا ئالوودەی خۆشگوزەرانی و ڕاحەتی نەبوون. کەواتە ڕۆحی جەنگاوەری و دەمارگرژی خێڵەکی هێشتا لای ئەمان زیندووە و بەهێزە. ئەم وەزعیەتە و ئەم تایبەتمەندیانە ئەبێتە هۆکاری ناکۆکی و شەڕ. ئەو عەشیرەتەی کە ڕۆحی حماسەت و شۆڕەسوارانەی زۆرتر بێ، بەهەمان ئەندازە مەیل و ئەنگیزەی بۆ شەڕ و بەرین کردنی پانتای دەسەڵاتی خۆی زیاترە و بۆیە دەست ئەکەن بە هێرش بردنە سەر دراوسێکان و زەوی و زاریان داگیر ئەکەن.

ـ ئەم لێکدانەوە و شڕۆفەی ئیفتیخار بۆ هۆکاری شکست و سەرکەوتن زۆر نزیکە لە تیۆری ئیبنی خەلدوون. بە پێی بیرۆکە و بۆچوونی ئیبنی خەلدوون، کۆچەرەکان چونکا فێری شارستانییەت و ژیانی خۆشگووزەران و ئاسوودە نەبوون، لە شەڕا ئازان، ئامادەی شەڕن و لە گیانفیداکردن ناترسن. بەڵام یەکجێ‌نشینەکان، فێری ماڵ‌وحاڵی ڕازاوە و ڕابواردن ئەبن و بەو نیسبەتە دوور ئەکەونەوە لە شوناسی عەشیرەیی و ڕۆحی جەنگاوەری و لەخۆبردوویی.

وەکوو دیارە بۆچوون و شیکاری ئیفتیخار بۆ هۆکاری سەرکەوتنی دێبوکرییەکان و کێشە و ململانێیان لە گەڵ فەیزووڵڵابەگییەکان، کۆمەڵناسانەیە و زۆر نزیکە لە تیۆری گۆڕانکاری ئیبنی خەلدوون. لای هەر دووکیان ئەوەی گرنگە بۆ سەرکەوتن و پاراستنی سەروەری و دەسکەوتەکان، ڕۆحی خۆشەویستیی عەشیرەیە و ژیانی دوور لە ئاسوودەیی و خۆشگووزەرانی ئەم ڕۆحە زیندوو ڕادەگرێ. دەسپێکی شکست‌هێنان و لاوازی ئەو کاتەیە کە ئەندامانی عەشیرە و کۆمەڵگا فێری ژیانی ئاسوودە و ڕابواردن دەبن و بە واتایەکی تر ئەو ڕۆحە ئەکووژن.

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *