اخبار, فرهنگی, ویژه خبری, یادداشت

مامۆستا عەزیز گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانییەوە

– د. محەمەد یەعقووبی

بەشی شەشەم
بڕیارمدا لە بەشی شەشەمدا بە چڕوپڕی باس لە درکە یان کینایە بکەم و دوایی بێمە سەر باسی واتاناسی یان زانستی مەعانی. لە پێناسەی درکەدا دەڵێت: درکە ئەوەیە وشەیەک یان کۆمەڵە وشەیەک بێنی کە واتایەکی دروستی خۆی هەبێت. هەر لەو کاتەدا ڕستەکە مانایەکیتر بدا بە دەستەوەو مەبەست ئەم مانایەی دواییە بێت. دیسان ئەشێت مانا دروست و نەژادییەکەت مەبەست بێت، چونکوو هیچ نیشانەیەک نییە بەرهەڵستی ئەوە بکات کە مانا نەژادییەکەت مەبەست نەبێت. وەک ئەوەی بە کەسێکی بەخشندە و ئەهلی سەخاوەت بڵێیت: سەردەرەی دەرگایان بڵندە، لێرە هەر دوو واتاکە دەکرێت مەبەست بن، بەڵام خۆ مانا دووەمەکەیش هەر مەبەستە، یانی هەم ئەهلی بەخشندەگین، هەم باروبارخانانی میوانانی بە زۆری دێتە ژوورەوە. لە گەڵ ئەمەدا لە بیری ناچێت جیاوازییەکانی درکە و خوازە وەبەر باس بخات و بەم شێوازە کورتیان دەکاتەوە: ۱. درکە بەرهەڵستی ئەوە ناکات کە مانای یەکەم و هەوەڵینت مەبەست بێت، بۆ وێنە بڵێی فڵانی دەرگای ماڵی کراوەیە، دەکرێت مەبەست کراوە بوونی دەرگای حەوش و بەرەیان بێت و بەرهەڵستێکیش لە ڕێی ئەم مانایە نییە، دەکرێت مەبەست بەخشندە بوون و ماڵدار و مێوانداری کەسەکەیش بێت و ئەو مانا درکاوەیش دەکرێت لێی بخوێنرێتەوە. کە چی لە خوازەدا بە پێچەوانەی درکە، نیشانەیەک هەیە بەرهەڵستی ئەوە دەکات مانا ڕاستەقیینەکەت مەبەست بێت. کە ئەڵێی شێرێکی چەکدارم دی، ناتوانیت مەبەستت خودی ئاژەڵەکە بێت، چونکوو وشەی چەکدارەکە، بەرهەڵستە لە مەبەست کردنی مانای یەکەم و تەنیا کەسی ئازاو بەجەرگ لێرە مەبەستە. هەندێ لەو باوەڕەدان کە درکە بۆ خواستن دەچێتەوەو بەشێکە لە خواستنی ئاشکرا، کە بۆ خواستراوی تێدا دەپێچرێتەوەو هەروەهایش لە درکەیش دیار نابێت، ئەبێ درکاو یان المکنی عنە وون و پۆشراو بێت. ئەڵێن درکە شتێکی تایبەت و خواستن شتێکی گشتییە، واتە هەموو درکەیەک خواستنە، بەڵام هەموو خواستنێک درکە نییە، هەردووکییان ماناو مەبەستیان دوورترەو دەکەوێتە پێچ و پەنای وشەناوبراوەکانەوە، بەڵام چونکوو نیشانەیەک هەیە ئەم دوو هونەرسازەیە لێک جیادەکاتەوە، بە هیچ چەشنێک ناتوانین بڵێین درکە بەشێکی خواستنە. ۲. لە درکەوە زەین لە پەیوەست یان لازمەوە بۆ پەیوەستراو یان ملزوم دەچێت. بۆ وێنە حاجی قادر دەڵێت:
هەتا وەک ئاگری نێو کان لە گەڵ یەک
ئەگەر تۆفان بێ لەشکرتان بە پووشەک
لە گوێی گا نووستوون بۆیەکا ڕێوی
لەسەر ئێوە وەها شێرگیرە وەک سەگ
لە گوێی گا نووستوون درکەیە لە غەفڵەت و بێ ئاگایی گەلی کورد، لە گوێی گا نووستوون پەیوەستە و بێ ئاگایی پەیوەستراوە، ئێمە بە هۆی مانای لە گوێی گا نووستوون بە مەبەست بگەین کە غەفڵەتە، بەڵام لە خوازەدا ئیش پێچەوانەیە، زەین و بیر لە پەیوەستراوە بۆ پەیوەست دەچێت، وەک حەریق دەڵێت: هەر کەس دانگە شعوورێکی بێت شعیرێکی هەیە. کە ئەڵێت شعیرکی هەیە شعیری خواستووە بۆ کەمی، شعیر کە بەشێکە لەو کەمە، کەم پەیوەستە، شعیر پەیوەستراوە، لێرە لە پەیوەستراوە ئەچین بۆ پەیوەست. دوای ئەم باسە، دێت و بە تەواوکەری جۆرەکانی درکە شی دەکاتەوە: درکە یان لە سیفەت دەبێت یان لە خودی شتەکە یان لە هاوگری(نسبت) دەبێت. درکە لە سیفەتی شت دوو جۆرە: ۱. درکەی نزیک ۲. درکەی دوور درکەی نزیک ئەوەیە هیچ هۆ یان نێوەنجگیرێکی تێدا نەبێت بۆ گواستنەوەی بیر لە پەیوەستەوە بۆ پەیوەستار.

بۆیەش درکەی نزیکی پێ دەوترێت چونکوو کەسەکان ڕاستەوخۆ لێی تێدەگەن و وەریدەگرن. مەدهۆش دەڵێت:
بیخەیتە ئاگر بۆن سۆی لێ نایە
زۆر پەشیمانم خۆزگە نەم دیایە
ئەمەش درکەیە لە هەژاری و نەداری و بێ بەرگی کە هەر زوو بەردەنگ تێی دەگات. درکەی دوور ئەوەیە کە زەین بە هۆی چەن باس و بابەتێکەوە لە پەیوەستەوە بۆ پەیوەستار بچێت. یانی دەبێت باس و باتوورێکێ زۆر هەبێت و هەست و هێنان و بردێکی زۆر بکەیت تا بگەی بەو سیفەتەی ڕستەکە دەیدرکێنێ. وەک بە کەسێک دەڵێن پێی هەڵنایەت کە ئەمە درکەیە لە هەژاری و نەداری. دەبێت ئەوەڵ بزانیت بۆیە پێی هەڵنایە چونکوو برسییە و هێزی تێدا نییە و برسییەتیەکەیشی هۆیەکی هەیە ئەوەیش نەدارییە. نەداری هۆی برسییەتییە و برسییەتیش هۆی پێهەڵنەهاتنەکەیەتی بێکەس دەڵێت
بەڵام کە وەختێ مانگ هەشت و نۆی بێ
کیسەی چۆڵ ئەبێ هرخۆی بە خۆی بێ
درکە لە خودی شتەکە: ئەوەیش وا ئەبێت کە خاسە وێژێک یان پتر بێنییت کە هەموویان پێکەوە بە تێکڕایی خودی شتەکە بدرکێنن و بەس. مەولەوی دەڵێت:
ڕاستش هەر ئێدەن ئیزهارم کەردەن
قەسەم بەو کەسەی نەزاو نە مەرگەن
واتە سوێندم بەوکەسەی نەبووەو نامرێت، لێرەدا نەزایین و نەمردن دوو سییفەتن کە خودا دەرئەخەن. تەنها خودایە ئەو دوو سیفەتەی لێ کۆ دەبێتەوە.
درکە لە هاوگری: ئەوەیش وا ئەبێت کە سبفەتێک یان کۆمەڵە سیفەتێک بدرێتە پاڵ کەسێکەوە یان شتێکەوە.

 

بەڵام وا نەبێت ناوی کەسەکە یان شتەکە بێنیت، کە سیفەتەکانی ئەدەیتێ، بەڵکوو هەموو سیفەتەکان ئەدەیتە پاڵ شتێک کە ئەو شتە تایبەتی بێ بەو کەسەوە، کە سیفەتەکان لەو شتەدا هەبوون، مانای وایە لە کەسەکەیشدا هەن. کامەران دەڵێت:
ئەو گوڵەی خەزان وەرانی و نەمرد
ئەو دڵەی ناسۆڕ لە هیوای نەکرد
ئەو پریشکانەی دامردنەوە
بەڵام هەمیسان گڕیان گرتەوە
ئەو ئەستێرەیەی کشا بۆ ناوچەم
لە سەرە مەرگا خەندەی لە سەر دەم
ئەو مەلەی بای وەشت باڵی هەڵوەران
لە بەستە ووتن نەکەوت لە ئاسمان
وان لە ناو دڵی منا مێوانن
چوونکە نموونەی قەت کۆڵ نەدانن
کامەران چەن نموونەیەکیان بۆ دێنێ، لە تێکڕا نموونەی کۆڵنەدان و نەبەزین و خۆڕاگرتنە. نموونەی سووربوونە لە سەر ژیان، نموونەی سەرشۆڕ نەکردنە، ئەو نموونانە دێنێ و دەیانکات بە مێوانی دڵی خۆی، کە لە دڵی ئەودا هەبوون مانای وایە لە وجوودی خۆیدا هەن.بەڵام کامەران ڕاستەوڕاست کۆڵنەدانەکە نادا بە خۆیەوە، بەڵکوو ئەو هێزەی کۆڵنەدانە ئەدا بە چەن شتێکەوەو جا ئەو هەموو شتانە دەکات بە مێوانی یانەی دڵی خۆی، کە ئەو هەموو شتە لە ناو دڵی ئەودا هەبوون مانای وایە، دڵی خەستی کۆڵنەدانە. ئەم باسی درکە بە تەوس و ئاماژەی چرکەیی و سیمبول و گۆشە نیگاوە تەواو دەکات و زانستی ڕوونبێژی تەواو دەکات. لە کۆتاییدا تەواوی سەرچاوکە گرینگە عەرەبییەکان کە بۆ ئەم کتێبە کەڵکی لێ وەرگرتوون دێنێت و پێش لەمەیش فەرهەنگۆکێکی بۆ وشە نوێ و داتاشراوەکانی داناوە بۆ ئەوەی خوێنەر ئەگەر لە مانای وشەکان تێنەگەیشت لەوانە کەڵک وەربگرێت. دوای ئەم باسانە دێینە سەر باسی واتاناسی یان (علم معانی) کە بۆ خۆی کتێبێکی تەواوە.ئەم واتاناسییە کە یەکێک لە گرینگترینی باسە کلاسیک و مودێڕنەکانە، مامۆستاگەردی لە پێشەکی کتێبەکەدا وەک بۆشایی و کەلەبەرێک چاوی لێدەکا کە لە بەشی ئەدەبی کوردیدا پرنەبووەتەوەو واجبە کەسێک ئەو کەلێنە پڕبکاتەوە. بەڵام بە زانستێکی کۆنی ناو دەبات کە ئێستا کارکردی نەماوەو بەس بۆ دەقە کلاسیکەکان پێویستە. سەد خۆزگە مامۆستا گەردی ئێستا لە حاڵی حەیات بوایا پێم گووتبا مامۆستا گیان، ئەو زانستە کۆنەیی بە سەر نایەت و بەرەبەرە شتی نوێی پێ زیاو کراوە. پێی بڵێم مامۆستا گیان بۆ چرکەساتێکیش دوودڵ مەبە و کارەکەت هێی ئێستایشە و بە دڵنیاییەوە ڕایپەڕێنە. مامۆستا گیان باسەکانی وەسڵ و فەسڵ و نێوەکان و ئاوەڵناوەکان و هەر هەموو باسەکانی واتاناسی لە خوێندنەوەی جیدی و دروستی هەموو دەقەکان بە تایبەت دەقە ئەدەبی و دەقە ئایینییەکان بە کار دێت و ئەسڵەن بێ زانینی ئەو زانستانە هەر خوێندنەوەیەک لە سەر دەقەکان عەیبێکی تێدایە و تەواو نییە.

 

لێرە داوا لە هەموو خوێنەران دەکات کە بە بێ دڵەڕاوکێ ڕەخنە لە نووسیینەکانی بگرن و هەرهەڵە و عەیبێکیان تێدا بە دی کرد، حەتمەن بۆی بنووسن و پێی بێژن تا کارەکە کەم عەیب و بێ عەیب بێت. زۆر خەمینانە دەڵێت دوو کتێبم لە ڕەوانبێژی دایە دەر جگە لە دووکەس نەبێت، ئیتر یەک کەسیش لە شوێنێک باسی لە کتێبەکانم نەکردووە. ئەو دەڵێت کەسانێک پیمیان دەگووت ئەم ئیشەی تۆ کای کۆنە وە با کردنە و کەڵکێکی نابێت، سەدە، سەدەی مودیڕنە و پێویستە باسە نوێیەکان بکرێن. لە وەڵامدا بۆ خۆی دەڵێت، هەرکەس بیەوێت پێ بگەیەت و ببێت بە ڕۆشنبیریکی گەورەو ژێر پێی مکووم و پتەو بێت، پێویستە ڕەگێکی قووڵ دابکوتێت و بگەڕێتەوە سەر سەرەتاکانی دیارکەوتنی زانستەکان و ڕۆشنبیرییەکان و لەوێوە دەست پێ بکات. دوایی دەڵێت هەرچۆنێک بێت من ئەو ڕەوانبێژییەم نووسی و ئەگەر تۆسقاڵەیەک خزمەتی وشە و ئەدەبی کوردیم کردبێت بۆم شانازییە. لە شوێنێکدا دیارە زۆر بەو چالاکییانەی دڵی خۆشە و بەخۆیا هەڵدەڵێت و ئاوا دەس خۆشی لەو زەحمەتانەی خۆی دەکات: ئەمە بەرهەمی ئەدەبی منە و نۆبەرەی شیرینمە و شانازی پێوەدەکەم. له بەشی یەکەمی واتاناسییدا کە بە شێوازی نووسیین و خەبەرداڕشتن دەست پێدەکات، خەبەرداڕشتن بە بڕبڕەی پشتی ئەم بەشە دەزانێت، باسی شێوازی نووسیین وەک بەربێژ و ڕێ خۆشکەری باسەکە دەناسێنێت. لە پێناسەی شێوازی نووسیندا دەڵێت: بریتییە لەو ڕێ و شوێن و ڕەنگ و ڕوخسارەی کە نووسەر لە نووسیینەکانیدا هەیەتی. ئەویش جۆری بیرکردنەوەو هەست و نەست و سۆز و قووڵبوونەوەو کایەوشەو داڕشتنی ڕستەو هەر شتێکی دی دەگرێتەوە کە پەیوەندی بە  نووسەر و نووسیینەکەی هەبێت. بێ دوودڵی هەر نووسەرێک جۆرە بیرکردنەوەیەک و چەشنە سۆزو خرۆشیک و تەرەزە سەلیقەیەکی هەیە، لە هەڵبژاردنی وشە و داڕشتنی وەستایانەی ڕستە. ڕستەیەکی مامۆستا عەزیز کە زۆر لە نیگای مندا جێی تێڕامان بوو لەم باسەدا دەڵێت: نووسەر خۆی چۆن بێت، نووسیینەکەی ڕەنگی کەسیەتیی نووسەرەکەی پێوە دیارە. گوتوویانە شێوازی نووسیین بریتییە لە نووسەرەکە خۆی. لە بەشی حەوتەمدا باسی ئامانجەکانی نووسیین و سیفەتەکانی و شتی جوانتر باس دەکەین کە پێوەندییان بە ماناوە هەیە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *