پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی بوو بە یەکەم کورد لە ئەنجومەنی جیهانیی ئۆپتیک و فۆتۆنیک
سهقزڕووداو- پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، فیزیکزانی سەقزی و پسپۆڕی بواری فیزیکی کوانتۆم، بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی جیهانیی ئۆپتیک و فۆتۆنیک (SPIE)؛ هەنگاوێکی گرنگ کە ناوی زانایەکی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر دەخاتە ڕوو.
ئەنجومەنی جیهانیی ئۆپتیک و فۆتۆنیک (SPIE) کە لە ساڵی ۱۹۵۵ دامەزراوە، یەکێکە لە دامەزراوە زانستییە گرنگە جیهانییەکان لە بواری ئۆپتیک، فۆتۆنیک و تەکنەلۆژیای نوێی تیشک و ڕووناکی، و پشتگیری لە توێژینەوە و زانایان لەم بوارانە دەکات.
بە پێی ئەم زانیارییە، ئەمە یەکەم جارە زانایەکی کورد دەبێتە ئەندامی ئەم ئەنجومەنە زانستییە گرنگە لە ئاستی جیهاندا.
پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، لە ساڵی ۱۹۷۸ لە شاری سەقز لەدایک بووە. ئەو ئێستا سەرۆکی پەیمانگای کوانتۆم و مامۆستای زانکۆی ئۆتاوا لە کانادا و هەروەها زانکۆی چاپمان لە ئەمریکایە.
کەریمی تا ئێستا چەندین خەڵاتی زانستیی گرنگی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی هێرزبێرگ لە فیزیک و میداڵیای رادێرفۆرد بۆ دەسکەوت لە زانست و تەکنەلۆژیای کوانتۆمی.
