اجتماعی, اخبار, ایران, سیاسی, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری, پژوهش, یادداشت

مێژووی ڕۆشنبیڕیی مەهاباد و دەوری مزگەوت و مەدرەسەی بداغ سوڵتان

- محەممەد ئەحمەدیان؛ مێژوونووس و لێکۆڵەر

۱. پێشەکی:
مێژوو پێمان دەڵێ دوای ئاوەدان‌کردنەوەی شاری مەهاباد و دوای دابین‌کردنی کار و باری ئابووری و ڕامیاری و هێمنایەتیی ئەو مەڵبەندە، ساڵی (۱۰۸۹ک) لە لایەن بداغ‌سوڵتان مزگەوتی سوور و مەدرەسەیەکی ئایینی لە تەنیشت ئەو مزگەوتە ئاوەدان‌ کراوەتەوە، لەو کاتەوە پتر له سێ سەدە و نیو تێدەپەڕێ، شوێنی ئەو مزگەوتە و شوێنەواری ئەو مەدرەسە ئایینییە لەسەر فەرهەنگ و سەقافەی ناوچەی موکریان تا ئەوڕۆ بەرچاو و دیارە؛ جیا لەوە ئەو مزگەوتە جێی تاعەت و عیبادەت و پاڕانە و لاڵانەوەی گەرم‌وگوڕی خەڵکی سابڵاغ و، پەسیوی لێقەوماو و هەژار و داماوان بووە، هەروا حوجرەکانی مەکۆی دەرس‌دادان و دەرس خوێندنی سەدان مەلای زانا و توانا و مەند و ماقووڵ و دەیان شاعیر و هەستیار و گەورە پیاوی ڕووناکبیری کورد بووە.
لەبەر ئەوە بداغ‌سوڵتان دامەزرێنەری یەکەم مزگەوت و یەکەم مەدرەسەی سابڵاغ بووە،  پێویستە ئاوڕێک لە بداغ‌سوڵتان بدەینەوە و یادێک لەو مەدرەسە و لەو کەسایەتییانە بکەین کەوا لەو ماوەدا تا ئەوڕۆ لەو حوجرانە تێکۆشان و چالاکییان نواندووە و مێژووی که‌لتووری و روشنبیریی ئەو شارەیان نەخشاندووە و کەش و هەوایەکی زانستییان لە مەڵبەندی موکریان زاڵ کردووە.

 

۲. باس و لێدوان:
دوای ئەوە لە سەردەمی شاهەباسی سەفەوی هێرش‌کرا سەر موکریان، ساڵی (۱۰۱۷) بە ساڵی قڕان و قڕکردن لە مێژووی موکریان تۆمار کرا، شاره-گوندی«دریاس» و ئەو ناوچەیە بوو بە شارێکی وێران و مەڵبەندێکی تێکدراو و قڕکراو، ئاداری لەسەر پاداری نەما؛ دوای ئەو کارەساتە بداغ‌سوڵتان کوڕی شێرخان(۱۰۱۷-۱۱۰۱) بوو بە یەکەمین میری موکریان، سابڵاغی ئاوەدان کردەوە (۱۰۳۸)(مهاباد دیروز و امروز، ل ۷ / ڕۆژبه‌یانی، فه‌رمانڕه‌وایی موکریان، ل۹۸).
دوای دابین‌کردنی ئەرکی ئابووری و ڕامیاری و هێمنایەتیی موکریان، ئاوڕی‌داوە سەر کاروباری ئایینی و دینداری، لەو بەرزاییەی کە دەیڕوانییە چۆمی گەورە مزگەوتێکی بەنێوی مزگەوتی سوور و چەند حوجرەی ساز کرد(۱۰۸۹ک)(ئەحمەدیان، عەبدوڵڵا، خەزێنە، ل۸).
مامۆستا مەسعوود محەممەد تێبینی‌یەکی بایەخداری مامۆستا هێمن سەبارەت بە دامەزراندنی مزگەوتی سوور دەخاتە بەرچاو بەو شێوەیە: «بەلای مامۆستا هێمنەوە ئەو قەتڵ‌وعامەی شاهەباسی سەفەوی بەسەر ناوچەی موکریانیدا هێنا، تا ئەو ڕادە ناوچەکەی چۆڵ‌وهۆڵ کرد و کەسی تێدا نەهێشت، بوو بە هۆی ئەوە دانیشتووانی موکریان ئەوەی ڕزگاری بوو لە کوشتن، بڵاوبوونەوە بە ناوچەکانی تری کوردستانی دەرەوەی ئێران و ژمارەیێکی زۆریان لە باڵەکایەتی‌دا نیشتەجێ بوون».
موکریان کە وڵاتێکی پڕمەلا و مەدرەسە بوو، تاقە مزگەوتێکی تێدا نەمایەوە، تەنانەت یەکەم مزگەوتێکی دوای ئەو کارەساتە لە موکریان دروست‌کرابێتەوە «مزگەوتی سوور» بووە لە سابڵاغ، ئەویش لە ساڵی(۱۰۸۹)ـی کۆچی‌دا؛ وا پێ دەچێ زۆربەی مەلا و مودەڕڕیسەکانی ئەوسای موکریان ڕوویان کردبێتە باڵەکایەتی و بەناچاری لەوێ مابنەوە، لە موقاڕەنەی ساڵی قڕان (۱۰۱۷) لەگەڵ ساڵی دروستکردنەوەی یەکەم مزگەوت کە(۱۰۸۹)ـیە دەردەکەوێ بۆ ماوەی (۶۰) ساڵ موکریان بێ مزگەوت بووە و بێ مەلا ماوەتەوە، ئەو مەلایانەی چوونەتە باڵەکایەتی لە هەموو عومری دوای ئاوارەبوونیان ڕێیان نەبووە بێنەوە موکریان و هەر لە باڵەکایەتی ماونەوە و مردوون.» (مەسعوود محەممەد، حاجی قادری کۆیی، ج۲، ل ۲۰۸)
بەپێی ئەو ڕوونکردنەوە زۆربەی مەلاکانی سابڵاغ لە ئاکامی هێرشی شاعەبباس روویان کردۆتە باڵەکایەتی و نەگەڕاونەتەوە و دوابڕاو بوون، واتە ئەو کاتەی بداغ سوڵتان مزگەوتی سووری ساز کردووە لە سابڵاغ مەلایەکی گەورە و ئایین‌زان و خۆ پارێزی تێدا نەبووە ببێتە دەرس وێژی ئەو مزگەوتە، هەرلەبەر ئەوە ساڵی (۱۰۸۹ک) بداغ‌سوڵتان بیری لەوە کردۆتەوە و لە حەولی ئەوە دابووە لەناوچەکانی تری کوردستان مەلایەکی مەند و ماقووڵ و شەرع‌زان پەیدا بکا بۆ ئەرکی دەرس‌دادان و مەلایەتیی ئەو مزگەوتە. ئەوە بوو زانای هەڵکەوتە «مەلا جامی چۆڕی» لە مەریوان ڕا بۆ سابڵاغ بانگهێشت کرد، ئەو ساڵە واتە ساڵی هاتنی مەلا جامی بۆ سابڵاغ (۱۰۸۹ک) بە هەوەڵین ساڵ و سەرەتا و دەستپێکی خوێندن لە شاری سابڵاغ دەژمێردرێ؛ هەر لەو کاتەوە تا ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر مزگەوتی سوور و حوجرەکانی بنکەی سەرەکیی خوێندن و خوێندەواری بوون، هەوەڵین مامۆستا و مەلای دەرس‌وێژی مزگەوتی سوور «مەلاجامی چۆڕی» بووە. (صمدی، تاریخ مهاباد، ل ۱۳۷).
بەڵگەیەکی مێژوویی سەبارەت بە بداغ‌سوڵتان و مەلاجامی و مزگەوتی سوور ئەو وەسیەتنامەیەیە کە پێوەندی بە بنەماڵەی مەلا جامی هەیە، لە لاپەڕەی ۵ و۶ـی نامیلکەی «گۆڕستانی مەلاجامی» بڵاو کراوەتەوە، ئەو بەڵگەیە ڕادەی عیلم‌دۆستیی بداغ‌سوڵتان و ماندووبوون و شەکەتیی مەلاجامی بۆ تێگەیاندنی فەقێکان و پەرەپێدانی زانست لە موکریان دەست‌نیشان دەکا، ئەوە دەقی بەشێک لەو وەسیەتنامەیه:

«جناب مستطابِ مغفور، فردوس‌مکانِ خلدآشیان، بوداق سلطان، نظر بە استیلای محبت باطنی و غلّوِ میل قلبی و مودت ظاهری که فی‌نفس‌الامر نسبت به عموم ارباب علم و کمال و اصحاب فهم و افضال داشت”مدرسەی مقدسەی جامعە” را محض نشر علوم جهت قطب الاقطاب زبدهالعلماء “مولانا سیدجامی” المشهور بە چوری رحمە‌اللە بنا گذاشت، کە اوقات شبانروزی خود را صرف انتشار علوم و بذل تعلیم طلاب و مستفیدین نماید، الحق اگرچە بانی در بنای مدرسەی مبارکە‌ی مزبور زحمتها کشید و مبالغها بە مصرف رسانید، حضرت معزی‌الیە نیز در انتشار علم و ترویج دین مبین، صرف همت و بذل مقدرت مادام الحیاە بە عمل آورد و هنوز علمای دریادل و فضلای کامل از اطراف و اقطار و اقطاع و امصار از تالیفات و تصنیفات آن مرحوم مستفید و مستنفعند.»( قادر فتاح قاضی، گورستان ملاجامی، ۵و۶).
سەبارەت بە شوێندانانی مزگەوتی سووری بداغ سوڵتان و بەربڵاویی تێکۆشانی حوجرەکانی، مامۆستا ئەحمەدیان لە بابەتێکی فارسی‌دا نووسیویە: « آن مسجد و مدرسە بە صورت دانشگاهی سترگ، باشکوە و اعتبار جهانی فعالیت را ادامە داد؛ نە تنها از شهرها و روستاهای ایران، بلکە از شهرها و روستاهای عراق و ترکیە و قفقاز تحصیلکردگان علوم و معارف اسلامی بە سوی آن سرازیر شدند دیری نپایید کە علما و دانشمندان ناموری همچون “ملای زکی”، “علامە ابن‌آدم”، “ملای یایی”، “علامە ملا علی قزلجی” و “ملای پیرەباب” و بە واسطە آنها نیز دانشمندانی همچون “مفتی زهاوی”، “مولانا خالد”، “سیدچوری” و “علامە ملامحمد قزلجی” و فرزانگانی همچون “استاد ملاحسین مجدی” و “استاد ملا عبدالکریم شهریکندی” از حوزە‌ی علمیە‌ی مهاباد و “مسجد سرخ” بە پایەهای رفیعی از علوم و معارف اسلامی نایل آمدند.» (احمدیان، عبداللە، نگاهی بە سرزمین مهاباد، سیروان، شمارە ۲۴۷، ۱۳۸۲).
مەلای زانا و مودەڕڕیسی توانا و مزگەوتی ئاوەدان بوو بە هۆی جمینی فەقێکانی گەرمێن و کوێستان بەرەو حوجرەکانی سابڵاغ بۆ خوێندنی ئەو دوازدە عیلمەی کەسێکی پێ دەبوو بە مەلا، واته‌: «نەحو، سەرف، بەلاغە، فیقهـ، ئوسوڵی فیقهـ، مەنتیق، ئاداب، کەلام، فەلسەفە، هەیئەت و فەلەک، ریازیات و هەندەسە، فیقهوللوغە»(قەرەداغی،مێژووی زانایانی کورد، ۶۷). ئەوە ڕەوتی ئاسایی خوێندن بوو تا نیو سەدە پێش ئێستا لە موکریان، واتە لە مزگەوتی سووری سابڵاغ هەر ئەو دەرسانە دەخوێندران کە فەقێکانی ئەستەمبووڵ و قاهیرە و بەغدا دەیان خوێندن، جیا لە زانستە ئیسلامییەکان زۆربەیان زانستی عەقڵی بوون وەک فەلسەفەی ئەفلاتوون و مەنتیقی ئەرەستوو و هەندەسەی ئیقلیدۆس و فەلەکی بەتلەمیووس.
مێژووی سابڵاغ نووسیویە: «پێش شەڕی هەوەڵی دنیا لە شاری سابڵاغ حەوسەت فەقێ لە حوجرەکان دەرسیان دەخوێند، حەوانەوە و بەڕێچوونیان لە داهاتی مەوقووفاتی سابڵاغ دابین دەبوو»(صمدی، تاریخ مهاباد، ل۱۳۷). حوسێن حوزنی موکریانی نووسیویە: «شاری سابڵاغ سەبارەت بە خوێندنی زانستە ئیسلامییەکان لەسەردەمی پێشوو بە یەکێک لە مەڵبەندە ناودارەکانی عیلم و زانست لە کوردستان ناسراوە»(حوزنی موکریانی، کوردستانی موکریان، ۲۹). “واسیلی نیکیتین” لە کتێبی “کورد و کوردستان”‌ ئاماژە بە حوجرەکانی کوردستان دەکا، ناوی (۴۹) بنکەی ئایینی دێنێ کە لە شار و دێیەکانی کوردستان تێکۆشانیان هەبووە لەو بنکە ئایینییانە پێنج ناوەندی بەهێزی ئایینیی سابڵاغ نێو دەبا وه‌ک: «مەدرەسەی مزگەوتی سوور، مەدرەسەی قازییەکان، مەدرەسەی ڕۆستەم بەگ، مەدرەسەی هه‌باساغا، مەدرەسەی مزگەوتی بازاڕ؛ ئەوانە هەموو لقی مەدرەسەی مزگەوتی سوور بوون»(نیکیتین، کرد و کردستان، ل ۵۸۸).

 

۳. بەرهەمی حوجرەکانی مزگەوت و مەدرەسەی بداغ سوڵتان:

ئەگەر کەسێک پرسیار بکا و بپرسێ بەرهەمی ئەو حوجرانەی بداغ‌سوڵتان له پتر لەو سێ‌سەده‌ و نیوەدا چ بووە و چ ئەرکێکیان ئەنجام داوە و چ خزمەتێکیان کردووە و چ کەسانێکیان پەروەردە کردووە؟، دەڵێین لە سێ بواردا تێکۆشان و چالاکیان بووە:
۱- پەروەردەکردن و ڕاهێنانی فەقێ بۆ ئەوە ببنە مەلای مودەرریس؛
۲- پەروەردەکردن و بارهێنانی چەند کەسایەتیی گەورەی بواری ئەدەب و شێعر؛
۳- تێکۆشان و چالاکیی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری بۆ مه‌به‌ستی بووژاندنەوەی بیری نەتەوایەتی و شوناسی نەتەوەیی.

۱) پەروەردەکردن و بارهێنانی فەقێ:

ئاوڕدانەوە لە ئایین جیا لەوە پێویستی‌یەکی فیکری و ڕۆحی و مێتۆلۆژییە، ڕەگەزێکی کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەییە، کەلتووری کورد زۆر لەمێژە ڕەنگی ئایینی ئیسلامی گرتووە، هەر لەبەر ئەوە پەروەردەکردنی پیاوی ئایینی واته‌ مه‌لا و فه‌قێ لە کۆمەڵگای کوردەواری بەگشتی وەک پێویستی‌یەک هاتۆتە بەرچاو، لەبەر ئەو پێویستییە حاکمانی موکری بەتایبەت بداغ‌سوڵتان و بداغ‌خان و عەبدوڵڵاخان یەک لە دوای یەک بواریان خۆش کردووە و بنکەی ئایینییان پەرەپێداوە؛ بداغ‌سوڵتان هه‌ر بۆ ئەو مەبەستە گرینگە مەدرەسەی سابڵاغی ئاوەدان کردەوە.
ساڵی(۱۰۸۹ک) وەک سەرەتا و دەستپێک بداغ‌سوڵتان مزگەوتی سوور و حوجرەکانی دادەمەزرێنێ، بۆ ئەرکی دەرس‌دادان لەو حوجرانە و مەلایەتیی ئەو مزگەوتە، زانای هەڵکەوتە ”
«عەللامە مەلا جامی چۆڕی» لە مەریوان‌ڕا بۆ سابڵاغ بانگهێست دەکا؛ مەلا محەممەدی قزڵجی لە کتێبی “التعریف” بەو چەشنە باسی مەلا جامی دەکا: « العلامە جامی الچوری ذوالتعلیقات الشهیرە، بنی لە بوداق سلطان حاکم ولایت المکری مدرسە الجامع الاحمر بساوجبلاغ فی سنە الف و تسع و ثمانین و کانت مدرسە عامرە و توفی رحمەاللە فی اوایل القرن الثانی عشرالهجری»(قزلجی، التعریف، ل ۲۵).
مەلا جامی ئەو کاتەی هاتۆتە سابڵاغ تەمەنی نزیک سی ساڵ بووه‌، چل ساڵ لە مزگەوتی سوور و حوجرەکانی خەریکی دەرس‌دادان و پەڕاوێز نووسین و ڕێنوێنیی خەڵک بووە، سەرئەنجام ساڵی (۱۱۳۰ک)، واتە (۳۰۸) ساڵ بەر لە ئێستا ژیانی بەبای مەرگ لەو دنیایە کووژاوەتەوە، بەڵام نێو و نێوبانگی لەنێو دڵی خەڵکی ئەو شارەدا هەرماوە و گڵکۆی لەو مەیدانە گەوره و بەشکویەی وا له نێوەڕاست و ناوه ندی شاری مەهاباد بەنێوی کراوە، نەزەرگەی خەڵکی هه‌ناسەسارد و داماوە.
ساڵنامەی فەرهەنگی مەهاباد نووسیویە: «دوای مەلا جامی چەند کەس لە وەچەی بنەماڵەی “مەلای زەکی” ئەرکی دەرس وێژیی مزگەوتی سووریان لە ئەستۆ بووە.»(ساڵنامە فرهنگ مهاباد، ج ۱، ص۱۹). یەکێک لەو هەڵکەوتانەی ڕۆژگار مەلا محەممەد ناسراو بە “ئیبنوڕڕەسوول” سەر بە بنەماڵەی زانا پەروەر و ناسراوی(زەکی )،دوای مه‌لا جامی لە مزگەوتی سوور مودەڕڕیس بووە؛ یەکێک لەو فەقێیانەی لە مزگەوتی سوور لە لای “مەلا محەممەدی ئیبنوڕڕەسوول” ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە “مفتی زەهاوی” بووە(مودەڕڕیس، علماوئا، ل ۵۱۸). ئەوە شانازی‌یەکی گەورەیە بۆ “ئیبنوڕڕەسوول” شاگردی لەو چەشنەی پەروەردە کردووە، هەروا شانازی‌یەکی گەورەیە بۆ شاری سابڵاغ هەڵکەوتەی وەک “مفتی زەهاوی” له‌ داوێنی خۆیدا په‌روه‌رده‌ کردووه‌ و لەو شارە خوێندوویە و ئیجازەی وەرگرتووە، ئەوانەی مفتی زەهاوی دەناسن دەزانن کە ئەو مەلا کوردە ماوەی پەنجا ساڵ مفتی بەغدا و سەرۆکی زانایانی عێراق بووە، گەورە مەلای وەک عەللامە مەلا عەلی قزڵجی و مەلا عەبدوڵلای پیرەباب فەقێی بوون. “شێخ‌رەزا” لە ڕادەی زانایی مفتی زەهاوی سەری سوڕماوە و دەڵێ:
«ئیمکانی نییە دەرکی حەقایق بە تەواوی– ئیمکانی نییە دەرکی نەکا زینهی زەهاوی»
سەرئەنجام مەلا محەممەدی ئیبنوڕڕەسوول ساڵی (۱۲۴۶ک) لە سابڵاغ بە نەخۆشیی تاعوون واتە چاو قووڵکە به‌داخه‌وه‌ ماڵاوایی لەو دنیایە کردووە و لە سابڵاغ نێژراوە.(قزڵجی، التعریف، ل ۲۷).
دوای کۆچی مەلا محەممەدی ئیبنوڕڕەسوول واتە ساڵی (۱۲۴۶ک)، مەلا محەممەدی بانی(بانەیی) دێتە سابڵاغ، لە جێی ئەو زانایە دەبێتە مەلا و مودەڕڕیسی مزگەوتی سوور و جێی ئەو پڕ دەکاتەوە، لەو سەردەمەدا ئاژاوە و شەڕ و کێشەی حاکمی سابڵاغ “عەبدوڵلاخانی موکری” لەگەڵ عێل و عەشایەری دێبوکری و مەنگور و مامەش پەرە دەستێنێ، لە ئاکامدا هەباساغا سەرۆکی عێلی دێبوکری ساڵی(۱۲۵۶ک) لە لایەن

عەبدوڵلاخان دەکوژرێ؛ له‌و که‌ش‌وهه‌وایه‌دا مه‌لا محه‌ممه‌دی بانی مه‌لا و موده‌ڕڕیسی مزگه‌وتی سوور بووه‌، ئه‌و زانایه‌ تا کاتی لە دنیا دەرچوونی واتە ساڵی(۱۲۶۰ک) لە سابڵاغ سەرقاڵی تەدریس بووە، مەلا محەممەدی بانی یەکێک لە مامۆستاکانی عەللامە مەلا عەلی قزڵجی بووە. (توکلی، جغرافیا و تاریخ بانە، ل۱۷۹/ ساڵنامە فرهنگ مهاباد، ج۲، لل،۳۷-۳۸ / روحانی، مشاهیر، ج ۱، ص ۳۷۰).
هاوکات لەگەڵ “ئیبنوڕڕەسوول” شوێنی گەورە مەلایەکی تر لە سابڵاغ بەرچاوە واتە «مەلا محەممەدی ئیبنوئاده‌م»( ۱۱۶۴-۱۲۶۰ک). بەشێکی زۆر لە ژیانی پڕ لە شانازیی ئیبنو ئادەم- واتە (۳۵) سال -لە سابڵاغ تێپەڕیوە، نێو و نێوبانگی مزگەوت و حوجرەکانی سابڵاغ ساڵی (۱۱۹۲ک) ئەو زانایە بەرەو موکریان ڕادەکێشێ، لەو کاتەدا بداغ خان ( ۱۲۱۲-۱۲۳۸ک) حاکمی سابڵاغ بووه‌ – سەد ساڵ دوای بداغ سوڵتان –، مەلا محەممەدی ئیبنوئادەم لەسەر ویستی “بداغ‌خانی موکری” ساڵی (۱۲۲۷ک) بەشێک لە “فتاوی کبری”ـی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی؛ ئیبنوئادەم لە سەرەتای ئەو وەرگێڕانە ئاماژە بەو بابەتە دەکا و دەڵێ: «اما بعد حقیر آرزومند، بندەی پناهندەی درگاە منان، محمد بن آدم، ماندە از کاروان، در اواسط شهر رمضان المبارک سال هزار و دوصد و بیست‌وهفت هجرت سرور کائنات علیە و علی آلە صلوات و التحیات، در اسعد ساعات شرف ملاقات با ابوالمعالی سیف‌الدین والدنیا بداغ خان مکری حماە‌اللە من العسر الی یسری اتفاق افتاد، چون آن خاقان کبیر و امیر عدالت دستگیر اعتقاد داشتە بود [نسبت] بە این داعی صمیمی و دولتخواە قدیمی فرمودند کەخاتمەی فتاوی کبری کە از اعظم مصنفات امام انام شیخ مشایخ (احمد بن حجرتهامی) است بە زبان پارسی شکر در رشتە‌ی ترجمە کشیدە، حقیر تعلل و تسویف روا ننمود…»(صمدی،تاریخ مهاباد، صص ۵۳۸-۵۳۹/ افخمی، تاریخ فرهنگ و ادب مکریان مهاباد، ص ۱۳۴).

دوای (۳۵)ساڵ ئیبنوئادەم گەڕاوەتەوە بۆ ڕەواندز، ئەو زانایە بیری نەتەوەپەروەری زۆر بەهێز بووە، ئەوکاتەی دەسەڵاتی میری سۆران لەناو دەچێ، واتە ساڵی (۱۸۳۶) بەو چەند بەیتە کوردییە مەراقی خۆی هەڵدەرێژێ – سەد و هەشتا ساڵ بەر لە ئێستا ده‌ڵێ: «هەوران کردە گاڵە گاڵ – میکائیلا ئەتۆش دەی/ تووتن و ماشان بڕشێنە- دەبا نۆش بێتە سەر دەی / ڕۆمی ئەوا پەیابوون – کتێبخانان دەکەن تەی/ میری سۆران و بۆتان – لەناو چوون بە دەسیسەی / کوردستانمان چی لێهات – کوردان بۆ ماتن تاکەی» (مەسعوود محەممەد، حاجی قادر کۆیی، ج ۲، ل ۷۷/ گۆڤاری هەولێر، ۹۱).
دوای ئیبنوئاده‌م، بنه‌ماڵه‌ی یایی دوو سه‌ده‌ مه‌لا و موده‌ڕڕیسی مزگه‌وتی سوور بوون، له‌ هه‌موویان زاناتر مەلا محەممەدی یایی بووه‌، ئەو زانایە نەوەی گەورە‌ مەلای کورد “مەلا محەممەدی گڵۆلانی” بووە کە لە نیوەی سەدەی دوازدەی کۆچی لە قەڵا چوالان ڕا هاتۆتە سابڵاغ، لە مزگەوتی سوور مودەڕڕیس بووە، نادرشای هەوشار (۱۱۴۸-۱۱۶۰ک) ئەو مەلایەی بۆ ڕاوێژ سەبارەت بەکێشەی ئایینی لە سابڵاغ ڕا بۆ “موغان” بانگهێشت کردووە.(صمدی، تاریخ مهاباد، ص۳۴۷).
مەلا محەممەدی یایی کە لەو وتارەدا مەبەستی ئێمەیە نەوەی ئەو گەورە مەلایە بووە و لە لای زانای گەورەی کورد “مه‌لا عەبدوڕڕحمانی رۆژبەیانی” ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، لە سەردەمی “عەبدولڵاخانی موکری” بۆتە مودەڕڕیسی مزگەوتی سووری سابڵاغ؛ گەورەترین عالم و مودەرریسی موکریان واتە زانای هەڵکەوتە عەللامە مەلا عەلی قزڵجی ساڵی (۱۲۴۸ک) لە سابڵاغ لە مزگەوتی سوور ئیجازەی مەلایەتی لە مەلا محەممەدی یایی ورگرتووە.(ئەحمەدیان، عەبدوڵڵا، خەزێنە، ل۳۰/ دەقی ئیجازەنامەی مەلا عەبدوللا وەڵزی). ئه‌وه‌ شانازییه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆ شاری سابڵاغ هه‌ڵکه‌وته‌ی وه‌ک قزڵجی له‌ داوێنی خۆیدا په‌روه‌رده‌ کردووه‌.
وەچەی مەلا محەممەدی یایی له‌ سابڵاغ په‌ره‌یان ئه‌ستاندووه‌ وئەوڕۆ بە بنەماڵەی گڵۆڵانی و فازیلی و مفتی و مفتی‌زادە و قازی‌زادە و تەوحیدی دەناسرێن؛ پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێ نەتیژه‌ی مەلا محەممەدی یایی دواتر بوو بە مەلا و مودەڕڕیسی مزگەوتی سوور بە ناوی “مەلا عەبدورەحمانی سابڵاغی” ـــ باپیری بنەماڵەی فازیلی ــ، زۆربەی تەمەنی لە مزگەوتی سوور مودەڕڕیس بووە، یەکێک لە فەقێکانی ئەو زانایە “مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی” بووە.
له‌دوای بنه‌ماڵه‌ی ‌یایی گه‌وره مه‌لایەک له نیوەی سەدەی سێزدەی کۆچی لە ناوچەی موکریان لە حوجرەکانی سابڵاغ سەر هەڵدەدا بە نێوی «مەلا عەبدوڵلا پیرەباب» یان«مەلا عەبدوڵلای دیبوکر». لە ئیجازەنامەیەکدا بەو چەشنە خۆی دەناسێنێ: «اما بعد فانی عبداللە الدهبوکری المعروفی بن احمد…» (دەقی ئیجازەنامەی مەلا عەبدوڵلا وەڵزی). مەلا عەبدوڵلا لە “دێبوکر”ـی ڕۆژئاوای سابڵاغ هاتە دنیا، دوای تێپەڕاندنی قۆناغی سەرەتایی خوێندن بەرەو گەرمێن ڕۆیشتووە، لە لای دوو زانای هەرە بلیمەت و هەڵکەوتەی کورد، واتە مەلا محەممەدی خەتێ و مفتی زەهاوی درێژەی بە خوێندن داوە(روحانی، ج ۲، ص ۴۴).

پاشان بەرەو موکریان گەڕاوەتەوە، لە تورجان لە خزمەت عەللامە مەلا عەلی قزڵجی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە؛ ڕادەی زانایی مەلا عەبدوڵڵای پیرەباب گەیوەتە ئەو دیوی مەلایەکی ئاسایی، تەنانەت بە یەکێک لە “فقهای اربعە” ناسراوە.(ترجانی‌زادە، سالنامە فرهنگ مهاباد، ج ۲، ص۴۶). سەرەتا لە دەوروبەری سابڵاغ لە “وەتەمیش” و “ئیندرقاش” مودەڕڕیس بووە، دوایە هاتۆتە سابڵاغ تا دوایین کاتی تەمەنی واتە ساڵی (۱۳۰۹ک) لە مزگەوتی هەباساغا سەرقاڵی تەدریس و لێکۆلینەوە بووە.

سەبارەت بە ڕادەی زانایی و سەردەرچوویی مەلا عەبدوڵلای پیرەباب، مامۆستا مه‌لا ئەحمەدی تورجانی‌زادە نووسیویە: «مرحوم پیرەباب بر اکثر مشکلات علوم ریاضی چە در جبر و مقابلە، چە در هندسە، چە در علم اُکَر و مَرایا و مناظر و علم هیئت و نجوم، تحریرات و تعلیقات شگفت‌انگیز دارد. اگر در اطراف حواشی و تعلیقات و ابکارِ افکارِ او تحقیقات کافی بعمل بیاید روشن خواهد شد کە آن بزرگوار نە تنها از دانشمندان ریاضی بلکە از حکمای این فن باید بشمار آید ولی افسوس کە آن تحقیقات نفیس و نادر در زوایای نسیان و گوشەهای خمول و گمنامی افتادە و هر قسمتی از آن در جائیست…»(ترجانی‌زادە، سالنامە فرهنگ مهاباد، ج ۲، ص ۴۱).
مامۆستا مەلا عەبدوڵلا ئەحمەدیان سەبارەت بەو زانا هەڵکەوتەی سابڵاغ دەڵێ: “پیرەباب ،باپیری حەواناسی، تەختە ڕوبعەکەی و ئوستوڕلابەکەی بە دەستەوە دەگرت و بە پشووسواری وەسەر “داشامەجید” دەکەوت، لەسەر ئەو گردەڕا بەهۆی وەکارخستنی ئەو ئامراز و کەرەسە قەدیمییانە ڕادەی تێک‌بەزینی جوغزی سووڕانەوەی مانگ و ئەستێرە گەڕۆکەکان، هەروا پلەی کەوانەی گوێستنەوەی مانگ و ڕۆژ بۆ نێو دوازدە بورج و قەڵاتەکان و ڕادەی هێڵ و میلی جووڵە و ڕێچکەی خزینی ئەستێرە گەڕۆکەکان و کاکێشان لە چوار وەرزی ساڵدا، هەروا دەیان مەبەستی دیکەی حەواناسی، بەرژەوەندی دەدانێ و لەگەڵ یەکتر بەراوەردی دەکردن، ئاکامی هەموویانی دەنووسی و چەند یاسایەکی لێ هەڵدەکڕاندن. دوای سەدەیەک کە دنیا لەباری حەواناسین ئاڵووگۆڕی بەسەرداهات، پایەگاکانی حەوایی بەهۆی ڕەسەدخانە و ئەو دەسگا ئەلکترۆنیک و کامپیۆتیرە بەهێزانە وەکار کەوتن، هەر بەو ئاکامه‌ گەیشتن کە مەلا عەبدوڵلای پیرەباب لەباری حەواناسیی نەزەری پێی گەیشتبوو و لە شەرحی کتێبی “جەواد” و پەڕاوێزی “چەخمینی” و کتێبی “عامەلی”دا نووسیبووی»(ئەحمەدیان، عەبدوڵلا، تۆمار کراو بە دەنگ).
پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێ چەند گەورە مەلای کورد لە لای مەلا عەبدوڵلای پیرەباب ئیجازەی مەلایەتییان وەرگرتووە وەک: مەلا حه مه حوسێنی قزڵجی، مەلا عەبدوڵلای وەڵزی، مەلا عەبدوڕڕەحمانی سابڵاغی(فازیلی)، قازی عەلی، شێخ بابای بەرزەنجی(شێخی شەهید)، مەلا محەممەدی مەحوی شاعیری هەرەناسراو، مەلا سەلیمی سنەیی(سالم) شاعیری ناودار؛ ئەوانە تێکڕا لە لای مەلا عەبدوڵلای پیرەباب ئیجازەی مەلایەتییان وەرگرتووە. سەرئەنجام مەلا عەبدوڵڵای پیرەباب ساڵی(۱۳۰۹ک) ــ سەد و سی و سێ ساڵ بەر لە ئێستا – لە سابڵاغ کۆچی دوایی کردووە.
بۆ ئەوە ئەو بابەتە زۆر درێژ نەبیتەوە، بە تاڵووکە ئاوڕ لەو کەسایەتییانە دەدەینەوە لە سەدەی ڕابردوو لە مزگەوتی سوور و حوجرەکانی تر لە سابڵاغ ئەرکی مەلایەتییان ئەنجام داوە و مودەرڕیس بوون.
بنەماڵەی قازی چەند مەلا و کەسایەتیی ئایینی زۆر گەورە و زانا و بەشکۆیان لێهەڵکەوتووە. له هەمووان زاناتر له بواری زانستی  ئایینی و شەرعزانی‌یەوه قازی عەلی(۱۲۷۹-۱۳۵۰ک) بووه که جیا لە پلەی مەلایەتی و مودەڕڕیسی، قازی سابڵاغ بووە و،لە لای زانای هەڵکەوتە مەلا عەبدوڵڵای پیرەباب ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.
«مەلاوەسیمی سەردەشتی» ئەو گەورە مەلایەی تا دوا هەناسەی ژیان لە مزگەوتی قازی مودەڕڕیس بوو و کەسایەتیی وەک مەلا خەلیلی گۆڕومەری و «سه‌درولعوله‌ما» و مه‌لا عه‌بدولعه‌زیز موفتیی سه‌قز و شێخ محەممەدی خانەقای ئیجازە دابوو. مامۆستا حەریق بۆ کۆچی دوایی ئەو مەلایە کە ساڵی (۱۳۲۶ک) بووە دەڵێ:
ای دریغا چشم علم از دوریت بی نور شد
ای دریغــا گنـج علمـت در نظر مستور شد
خــانــەی دیــن از فـوات علم می‌گــردد خـراب
خــانـە جهـل از وفــات عــالمان معمور شد
(سپهرالدین، زندگینامە شمس‌الدین برهانی، صص ۲۰۳ و ۲۰۴/ دیوان حەریق، ل ۱۷۹).
بنەماڵەی قزڵجییەکانی سابڵاغ سێ گەورە مەلای زۆر زانا و توانایان لێ هەڵکەوتووە: مەلاحەمه حوسێنی تورجانی (قزلجی) (۱۲۷۸-۱۳۳۳ک) کوڕی عەللامە مەلا عەلی قزڵجی بووە، لە لای مەلا عەبدوڵڵای پیرەباب ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، واسیلی نیکیتین لە کتێبی “کورد و کوردستان”دا نووسیوە: «دەرس‌وێژی مزگەوتی بازاڕی سابڵاغ مەلا حوسێنی تورجانی (قزلجی) بووە»(نیکیتین، کرد و‌ کردستان، ص ۵۸۸).

مەلا محەممەدی قزڵجی (۱۲۷۵-۱۳۳۸ هەتاوی) کوڕی مەلا حەمەحوسێن، یەکێک لەو هەڵکەوتانە بووە مێژووی موکریان تا ئەو ڕۆ ڕۆڵەی لەو چەشنەی بەخۆیەوە نەدیوە. جیا لەوە مەلایەکی مودەڕڕیسی بێ‌وێنە بووە و لە زانستگای ئەلئەزهەری میسر خوێندوویە، زیاتر لە سی ساڵ لە بەغدا مودەڕڕیس بووە، لەوە گرینگتر هەوەڵین ڕۆژنامە نووسی کورد بووە لە ئێران .ساڵی (۱۳۰۰ی هەتاوی) لە سەردەمی سمایل‌ئاغای سمکۆ ئەو مەلایە ڕۆژنامەی “کورد”ـی بڵاو کردۆتەوە.(ئەحمەدیان، محەممەد، گۆڤاری مەهاباد، ژ ۱۴۱، ۱۴۲). چەند مەلا و مامۆستای گەورە فەقێی مەلا محەممەدی قزڵجی بوون وەک: قازی محەممەدی خزری(قازی شنۆ)،مامۆستا مەلاهادی ئەفخەم‌زادە، مامۆستا مەلا ئەحمەدی تورجانی‌زادە، عەلائەددین سەجادی، مامۆستا شوکرمستەفا و ماموستامەلا عەبدوڵلا ئەحمەدیان؛ ئەوانە هەموویان فەقێی مامۆستا مەلا محەممەدی قزڵجی بوون.
هەر لەو بنەماڵە، مەلا ئەحمەدی تورجانی‌زادە ( قزڵجی) (۱۲۸۰-۱۳۵۹ی هەتاوی) برای مەلا محەممەدی قزڵجی، چەند ساڵ لە مزگەوتی سوور مودەڕڕیس بووە، دوایە لە تاران بووە بە مامۆستای «دارالفنون»، پاشان (۲۵) ساڵ لە تەورێز مامۆستای زانکۆی ئازەرئابادەگان بووە. مەلایەکی تر «قازی شێخ موحسین»(۱۲۶۳-۱۳۳۳ی هەتاوی)، نەوەی عەللامە مه‌لا عەلی قزڵجی بووە لە لایەن دایکەوە (مەلا ئایشێ دایکی قازی شێخ موحسین، کچی عەللامە مەلا عەلی قزڵجی بووە)؛ ئەو مه‌لا زانایە ماوەی (۲۷) ساڵ لە مزگەوتی سوور مودەڕڕیس بووە. زانایەکی تر کە زیاتر لە پەنجا ساڵ مەلا و مفتی سابڵاغ بوو چەند کەسایەتی گەورەی پەروەردە کرد مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی بوو ـــ باوکی شاعیر و مامۆستای ناوداری زانستگا، دوکتۆر محه‌ممه‌دی مه‌جدی ــ .لەو پەنجا ساڵەی دواییدا دوو کەسایەتیی بیرمەند وزانا و ماقووڵ و ڕووناکبیر و نەتەوەپەروەر کە دوایین بەرهەمی حوجرەکانی موکریان بوون هاتنە ڕیزی مەلا هەره ناودارەکانی مێژووی سابڵاغ وموکریان، ئەو کەسایەتییانە بریتی‌بوون لە مامۆستا مەلاکەریمی شاریکەندی(1305_1361ـی هەتاوی) و مامۆستا مەلا عەبدوڵلا ئەحمەدیان (1312_1383ـی هەتاوی).

 

۲) پەروەردە کردن و بارهێنانی چەند کەسایەتیی بواری ئەدەب و شێعر:

ڕەنگە ئەو بابەتە بۆ هێندێک کەس تازە بێ کە جیا لە شاعیرانی موکریان و سابڵاغ کە لە حوجرەکانی ئەو شارە پەروەردە بوون، گەلێک لە شاعیرانی ناوچەکانی تری کوردستان وەک «نالی، حاجی قادری کۆیی، مەحوی، سالم، ناری، قانع »، لە گۆشە و قوژبنی مزگەوت و حوجرەکانی سابڵاغ دەرسیان خوێندووە و بەشێک لە بیر و هزری خۆیان لەو بنکە ئایینییانە پەروەردە کردووە و لە ناو فەقێ و مەلا و موستەعید و رۆشنبیری موکریان‌دا پەروەردە بوون و سکڵی دڵیان لەو حوجرانە دا گەشاوەتەوە؛ جۆش و خرۆشی خوێندن و فێربوون لە حوجرەکانی سابڵاغ تا ئەو رادە ڕمێن و برەوی هەبووە، زۆربەی شاعیرانی کوردی بەرەو موکریان و سابڵاغ ڕاکێشاوە.
مەلا خدری شارەزوری(نالی) لە حوجرەکانی سابڵاغ دەرسی خوێندووە، لە سەرەتای دیوانی نالی دا نووسراوە: «لە پێناو وەرگرتنی زانستە ئیسلامییەکان شار و دێهاتەکانی بەشێکی کوردستان گەڕاوە؛ ئەو شوێنانەی کە زۆر تێیاندا مابووبێتەوە سنە و سابڵاغ و قەرەداغ و هەڵەبجە و سولەیمانی‌‌ـن»(فاتیح، عەبدولکەریم، دیوانی نالی، ل ۲۴)
نێو و نێوبانگی حوجرە و مەلاکانی سابڵاغ دەبێتە هۆی ئەوە حاجی قادری کۆیی زۆر بەتاسە و ئاوات بێ ئیختیار بەرەو موکریان و سابڵاغ ڕاکێشێ و سەردەمێک لەو ناوچە بمێنێتەوە؛ مەسعوود محەممەد نووسیویە: «حاجی قادر سەردەمێک لە سابڵاغ ماوەتەوە: بەینێک لە مزگەوتی رۆستەم‌بەگ لەلای “مەلا حوسێنی[کانی کەوەیی]” خوێندووە، چەند دێرە شێعرێکی لە دیوارێکی مزگەوتەکە نووسیبوو… زەبیحی دەیگوت: ئەم نووسینە تا ئەو دواییانە هەر مابۆوە، لەو ساڵانەی دواییدا ژێر سواغی سپی‌کاری کەوت، گوتی هەزار و دووسەد و حەفتا و نۆی لێ نووسرابوو، هی حاجی قادر بە خەتتی خۆی بوو، بێ‌گومان کەمتەرخەمی و بێ‌پەرۆشی نەبا، دەبوو نووسینەکە وەک خۆی بمابایەوە، وەک میراتێکی مێژوویی و ئەدەبی و نەتەوایەتیی زۆر نرخدار ئاگاداری لێکرابا»(محەممەد، مەسعوود، حاجی قادری کۆیی، ج ۲، ل۱۵۰/ ئاغایی، مارف، وت‌ووێژ لەگەڵ مەسعوود محەممەد، سروە، ۱۳۷۱).
مێژووی ئەدەبی کوردی نووسیویە: «مەلا محەممەدی مەحوی” (۱۲۶۴-۱۳۲۲ک) بە فەقێیەتی چووە بۆ سابڵاغ بۆ لای مەلا عەبدوڵلای پیرەباب، سێ ساڵ لەوێ ماوەتەوە»(سەجادی، مێژووی ئەدەبی کوردی، ل ۳۲۸/ مەحوی، دیوان، ل۵)
مارف خەزنەدار نووسیویە: «سالمی سنە (۱۸۴۸-۱۹۱۱) بە دوای ناوبانگی مەلا عەبدوڵلای پیرەباب لە ساڵی (۱۲۸۶ک) دەچێ بۆ سابڵاغ، دوای دوو ساڵ دەرسی مەلا عەبدوڵلای پیرەبابی بەرئەکەوێ، ساڵی (۱۲۹۱ک) لە سابڵاغ لە لای ئەو زانا گەورە ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ (خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، ج ۴، ل ۶۳۷). هەروا مەلا کاکە حەمەی (ناری) لە سابڵاغ لە مەدرەسەی تورجانی‌زادەکان خوێندوویە(سەجادی، مێژووی ئەدەبی کوردی، ل ۴۵۶).

ته‌نانه‌ت مامۆستا قانع‌‌ـیش لە حوجرەی مزگەوتەکانی سابڵاغ فەقێ بووە.(خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، ج ۶، ل۴۶۲).
جیا لەو گەورە شاعیرانەی بۆ خوێندن هاتوونەتە سابڵاغ، شاعیران و هەستیارانی موکریان وەک: وەفایی و سه یف و حەریق و میسباح و مەلا مارف و مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن و خاڵەمین وحەقیقی، بەشێک لە ژیان و خوێندنیان پێوەندی بە حوجرە و مەلا و مزگەوتەکانی سابڵاغ بووە.

 

۳) تێکۆشان و چالاکیی کۆمەلایەتی_ ڕووناکبیری لە حوجرەکانی سابڵاغ:
ڕەنگە ئەو خاڵە هێندێک جێی سەرینجی خەڵکی ئەو سەردەمەی ئێمە بێ، لەبەر ئەوە ئەو مەلایانە و فەقێی ئەو حوجرانە لە ژێر ڕهێڵەی بیر و فەلسەفەی ئیسلام دابوون وەک پێویست نەپەڕژاونەتە سەر بابەتی ڕووناکبیری و بیری نەتەوایەتی، بەڵام ئەوە بۆ زۆر کەس ئاشکرایە لەو سەد ساڵەی دواییدا کە بیری ناسیونالیستی برەوی پەیدا کردووە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لە سابڵاغ زیاتر لە هەر بەشێکی تری کوردستان، مەلا و فەقێ بەشداری بزافی ناسیونالیستی کوردیان کردووە، ڕەنگە جێگای سەرنج بێت کە بەشێکی گرینگی دامەزرێنەرانی ئەو بزاف و حەرەکەتانە مەلا و خوێندکاری مزگەوت و ناوەندە ئایینییەکان و حوجرەکان بوون، سەرەڕای ئیمان و باوەڕ بە ئیسلام، سەرەڕای پەروەردەی ئایینی و زانیاری ئیسلامییان، یەکەمین رێکخراوی ناسیونالیستیان – نەک ئیسلامییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراندوە(سابیر، رەفیق، کولتوور و ناسیونالیسم، ل ۱۵۳).
ڕەنگە بەلای هێندێک کەس سەیر بێ بڵێین هەوەڵین ڕۆژنامەنووسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان فەقێیەکی حوجرەکانی سابڵاغ بووە، واتە «مەلا محەممەدی قزڵجی»، ئەو کەسایەتییە( ۱۰۵)ساڵ بەر لە ئێستا وەک سەرنووسەر بەرپرس، ڕۆژنامەی «کورد»ـی سەردەمی سماعیل‌ئاغای سمکۆی بەڕێوە دەبرد و وتاری تێدا بڵاو دەکردەوە .مەلا محەممەدی قزڵجی جیا لەوە ڕووناکبیرێکی بواری ئایین بووە، گەل‌دۆست و نەتەوەپەروەر بووە؛ بڕوانە ساڵی (۱۳۰۰ـی هەتاوی) سەبارەت بە گەل‌دۆستی دەڵێ چی:
هەی تازە جەوان، هەستە لە غەفڵەت ببە بێدار‒ دەستێ بدە‌رە دەستەیی شمشیری شەرەردار/ئەو مەوتەنی واڵایە، کە چاتر لەبەهەشته ‒قوربانی بکە روح و حەیات و زەرو دینار/….
(گیو، کەشکۆڵی گیو، لل ۱۷۶ و ۱۷۷).

 

۴. ده‌ره‌نجامی لێکۆڵینەوە:
له‌ دواییدا پێویسته‌ بڵێین دوای تێپەڕینی  پتر له سێسەد و پەنجا ساڵ لە دامەزراندنی مزگەوتی سوور و حوجرەکانی ئه‌وڕۆ هەر خاوەن دڵێکی ئاگا بڕوانێتە زارکی بێ‌زمانی ئەو حوجرە بێدەنگانە، دەزانێ کە دڵیان چەند پڕە لە خۆزگە و بریا؛ ئەگەر بڕوانینە حەساری مزگەوتی سوور، بێ‌گومان ڕۆژگاری “مەلا جامی” و “بداغ سوڵتان”ـمان وەبیر دێتەوە، ئەو ڕۆژانەی ئیبنوڕڕەسوول و ئیبنوئادەم و مەلای یایی، مەلای ئەو حوجرانە بوون و مفتی زەهاوی و قزڵجی و پیرەباب فەقێی ئەو حوجرانە بوون، مەولانا خالید و سەیدی چۆڕی و پێنجوێنی فەقێی فه‌قێی ئەو حوجرانە بوون(ئەحمەدیان، عەبدوڵلا، خەزێنە، ل۸۷).
بەڵام ئەوڕۆ دوای پترله سێ سه ده و نیو چرای ئەو حوجرانە کووژاونەتەوە و باغی زانست و ئەدەب بەرەو پاییزی تەمەن رکڕۆیشتووە و شەختەی نەزانی لێیداوە، جێی خۆیەتی ماتەم دامانگرێ و بپرسین بۆ ئەو باخە بێ‌بەر بووە، بۆ سەردەمی زێرێنی ئەو حوجرانە لە کزی داوە؟ شێعرەکەی حاجی قادری کۆیی گویمان دەزرینگێنێتەوە:
مەسجید و مێحراب و مینبەر بێ کەسە
هــەر مــەپــرســە حاڵی چۆنە مەدرەسە

 

سەرچاوەکان:
۱- ئەحمەدیان، عەبدوڵلا، ۱۳۷۸، خەزێنە، نشر احسان؛
۲- ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ، ۱۳۸۳، نگاهی بە سرزمین مهاباد، سیروان، ۲۴۷؛
۳- افخمی، ابراهیم، ۱۳۷۳، تاریخ فرهنگ و ادب مکریان، ج ۲، نشر محمدی سقز؛
۴- باباطاهری ، حسن، ۱۳۵۱، مهاباد دیروز امروز، نشریەداخلی شهرداری مهاباد؛
۵- توکلی، محمدرئوف، ۱۳۸۷، جغرافیا و تاریخ بانە، انتشارات توکلی؛
۶- حەریق، مەلا ساڵح، ۱۳۶۹، دیوانی حەریق، ناشر محمدی سقز؛
۷- حوزنی موکریانی، حوسێن، ۲۰۰۹،کردستانی موکریان، وەرگیراو لە: سەرچاوەی ژمارە ۹؛
۸- خەزنەدار، مارف، ۲۰۱۰، مێژووی ئەدەبی کوردی، ج ۴و۶، چاپی دووهەم، ئاراس؛
۹- دەشتی، عوسمان، ۲۰۰۹، شێعری ناوچەی موکریان، مەڵبەندی کوردۆلۆژی؛
۱۰- ڕۆژبەیانی، محەممەدجەمیل، ۱۹۹۲، فەرمانڕەوایی موکریان، ڕۆشنبیری؛
۱۱- روحانی، بابامردوخ، ۱۳۸۲، تاریخ مشاهیر کرد، انتشارات سروش، چاپ دوەم؛
۱۲- سابیر، رەفیق، ۲۰۰۳، کولتوور و ناسیۆنالیسم، سەردەم، چاپی دووهەم؛
۱۳- سەجادی، عەلائەددین، ۱۹۵۲، مێژووی ئەدەبی کوردی، معارف؛
۱۴- سپهرالدین، ابوبکر ۱۳۶۸، زندگینامە شیخ شمس‌الدین برهانی، انتشارات صلاح‌الدین ایوبی؛
۱۵- صمدی، سیدمحمد، ۱۳۷۳، تاریخ مهاباد، انتشارات رهرو؛

۱۶- فتاحی قاضی، قادر، ۱۳۵۹، گورستان ملاجامی در مهاباد؛
۱۷- قزڵجی،محمد، ۱۹۳۸، التعریف بمساجدالسلیمانیە، مطبعهالنجاح؛
۱۸- قەرەداغی، محەممەدعەلی، ۱۴۱۹، مێژووی زانایانی کورد، بەغدا؛
۱۹- موکریانی، گیو، ؟، کەشکۆڵی گیو؛
۲۰- مسعوود، محەممەد، ۲۰۱۰، حاجی قادری کۆیی، ئاراس، چاپی دووهەم
۲۱- مجدی، محمد، ۱۳۳۴، سالنامە فرهنگ مهاباد، ج۲، چاپخانە شفق؛
۲۲- نیکیتین، واسیلی، ۱۳۷۸، کردوکردستان، ترجمە محمد قاضی، کانون فرهنگی انتشارات درایت، چاپ سوم.

1 نظر در “مێژووی ڕۆشنبیڕیی مەهاباد و دەوری مزگەوت و مەدرەسەی بداغ سوڵتان

  1. R. Khorshid گفت:

    دەسخوشی لە نوسەر و توێژەری بەرێز کاکە محەممەد ئەحمەدیان دەکەم قەلەمەت بەردوەوام بێ

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *