هۆکاری هاتنە نێو دنیای هونەر دەگەرێنێتەوە بۆ بینەربوونی یەکێک لە کۆنسێرتەکان کە ژەنیارانی دەف تیادا بەشداربوون و بە ژەنینی دەفەکانیان سەرنجی ئهو بۆ لای خۆیان رادەکێشن و ئارەزوویەکی زۆری بۆ پەیدا دەبێت، دواتر بۆ ماوەی نزیکەی چوارساڵ بە بەردەوامی سەرقاڵی فێربوونی دەف ژەنین دەبێت و تا دەگاتە ئاستێکی باش و فێرخوازان فێری دەف ژەنین دەکات.
فەریبا بەهزادنیا، ژەنیاری دەف لە دیمانێکدا ڕایگەیاند:”لە ئێستادا فێرکاری دەف ژەنین بە فێرخوازان و هونەردۆستان دەڵێمەوە سەرەڕای ئەوەی خۆشم هەمیشە ئەزموونی نوێ لە دەف ژەنین وەردەگرم. وەک ژەنیاری دەف لە بەرهەمێکی گۆڕانی سیامەند ئومیدوار بەشداریمکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ گروپی چەنگ وەک ژەنیارانی دەف بەرهەمێک بەناوی گوڵباران بڵاوکردەوە و پێشکەشمان بە هونەرمەند ناسر ڕەزازی کرد و دواجاریش وەک سەرپەرشتیار و رێکخەر بەرهەمێکی دیکەمان وەک ژەنیاران لە نەورۆزدا بڵاوکردەوە، وە هەر دوو کارەکان لە خانمانی ژەنیارانی دەف پێکهاتبوو”.
وتیشی:”فێربوونی ژەنیاریی پێویستی بە حەز و خولیایەکی زۆر هەیە و لەخۆیدا رەنگی دابێتەوە، ئەگەر حەز و ئارەزووی لەگەڵ نەبێت فێربوون بۆی دەبێتە ئەستەم و ناتوانێت موزیکژەنێکی سەرکەوتوو بێت، من لە تەمەنێکی گەورە ئەم بوارەم هەڵبژارد و ئامانجی منیش ئەوەیە دەمەوێ بە کچان و ژنان بڵێم تەمەن پێوەر نیە بۆ فێربوون و لە هەر تەمەنێکدا بن دەتوانن دەستپێبکەن، ئەمەش رێزگرتنی خۆیان و خۆشویستنی خۆیان دەردەخەن”.
فەریبا بەهزادنیا ئاماژەی بەوەشکرد:”خێزانەکەم پاڵپشتی سەرەکیم بووە، هەرچەندە دەوروبەر هۆکارێک بوون بۆ دروستکردنی بەربەست لە بەردەمم.هیوادارم خێزان و بنەماڵەکان ببنە پشتیوانی ژن و کچ و خۆشکەکانیان تا بتوانن حەزی خۆیان هەڵبژێرن لە کارە هونەرییەکاندا. هەرچەندە خۆشبختانە خانمانێکی ئیجگار زۆر هاتونەتە دنیای هونەر و بەهرە و تواناکانی خۆیان دەرخستووە و جێی دەستیان لە خزمەتکردنی هونەری کوردیدا دیارە و بوونی خۆیان سەلماندووە”.
فەریبا بەهزادنیا لەدایکبووی ساڵی ۱۳۵۰ ش، دانیشتووی شاری سەقزه. لە ئێستادا لەزانکۆی بۆکان سەرقاڵی خوێندنی بەشی میوزیکژەنی ئێرانیە.
- سقز رووداو
- کد خبر 18562
- بدون نظر
- پرینت