تابڵۆیەک لە ڕۆمانی “کێمخوا”

[سەرهەنگ محەممەد ئەفسەری کۆمارە و چووەتە سەقز]
چێشتانێ گەیشتنە سەرایە و میوانی محەممەدئاغا بوون. پاش خواردنی قاوڵتوون بەرەو سەقز کەوتنە ڕێ. لەبەر دەرگای دژبانیی سەربازگە ماوەیەک ڕاوەستان و پاش ئیزن پێدانی سەرهەنگ ئایڕۆم فەرماندەی سەربازگە چوونه نێو سەربازگه. لەشوێنی تایبەت دابەزی و قیتوقۆز بەرەو تیمسار هومایوونی و سەرهەنگ ئایڕۆم وەڕێ کەوت. تاقمێک سەرباز بەشێوەی ئیحتڕام و خەبەردار ڕاوەستابوون. گورووبانێکی کورد دوو هەنگاو ئەولاتر بەرپرسی ڕێزلێنان لە فەرماندەرەکان چاوی لێدەکرد. لێیان نزیک بۆوە و چاوەڕوانی پێشفەنگ و بەڕێوەچوونی ڕێزلێنانی سەربازی بوو، کەچی گرووبانە کوردەکە ئەو کارەی نەکرد. سەرهەنگ محەممەد لەحاندی ڕاوەستا و بەتووڕەیی تێی ڕاخوڕی:
ـ بۆ فەرمانی ئیحتڕامت نەدا؟
گرووبانە بەتوندی وڵامی داوە:
ـ من ئەتۆ بە سەرهەنگێکی جەلەبی دەزانم. سەرهەنگی ڕەسەن ئیحتڕامی دەوێ نەک ئەتۆ.
تیمسار هومایوونی و سەرهەنگ ئایڕۆم کە ئاگایان لەو ناکۆکییە بوو چەند هەنگاو هاتنە پێش، سەربازەکان سەریان بۆ لایان لار کردەوە و بە سەیری چاویان لێ دەکردن. سەرهەنگ محەممەد بەسەریدا گوڕاندی:
ـ خێڕی ئەتۆ دە ڕاستیدا بێڕێزی به نەتەوەی خۆت دەکەی نەک به من، چڵکاوخۆر.
بەر لەوەی گورووبان قسەیەکی تر بکا، تیمسار هومایوونی بەسەریدا گوڕاند و تێرجوێنی کرد و فەرمانی پێدا:
ـ هەر ئێستا بڕۆ و خۆت بە زیندان بناسێنە. ئەوجار بە مەرایی و بە بزەیەک لەسەر لێوەوە ڕووی دە سەرهەنگ محەممەد کرد و کوتی:
ـ جەناب سەرهەنگ ببوورە، هەڵەی کرد، ئەرخەیان بە تەمبێ دەکرێ.
ماوەیەک لە دیوی تایبەتی تیمسار قسەیان کرد و پاشان بەرەو ئەو فڕۆکەیەی بۆ بردنی سەرهەنگ محەممەد بۆ بانه ئامادە کرابوو وەڕێ کەوتن. سەرهەنگ ئایڕۆم سواری جیبێک بوو و خۆی گەیانده لای زیندان و گرووبانەکەی لەڕاست دەرگاکە دیت و بانگی کرد:
ـ سەرگرووبان
ئیکلامی کێشا و وڵامی داوە:
ـ بەڵێ گەورەم
بەپێکەنینەوە بۆ لای چوو.
ـ دەستت خۆش بێ بێڕێزیت پێ کرد. هیچ مەترسێ ناهێڵم دە زیندانت کەن. ئێستاش دەگەڵم وەرە بچینە سەربانی زیندان و لەوێڕا چاو لە ئاسمان بکه بزانه چ دەقەومێ و چ بەسەر ئەو سەرهەنگه جەلەبێیە دێت.
بە پەیژە وەسەر سەربانی زیندان کەوتن و دەستیان کردە سەیوان و چاویان لە فڕۆکەکە کرد که دەهات بەرەو چیای بەرزی کەلیخان هەستێ. لەپڕ دووکەڵێکی ڕەش لە پاشکۆی جێ ما و دەمێک دوایه وەک قەلەڕەشەیەکی پێکاو لوورەی هەرد هات و گرمەیەکی بڵیندیان بیست.
گرووبانه واقی وڕ مابوو. ئاوڕی لە سەرهەنگ ئایڕۆم داوە که بزەی هەروا لەسەر لێو مابۆوە. ماوەیەک دوایە گرووبانه وێڕای سەرهەنگ ئایڕۆم و تاقمێک سەرباز چوونه شوێنی کەوتنە خواری فڕۆکەکە. سەرهەنگ کەیهانی فڕۆکەوان خۆی بە چەتر هەڵداشتبوو و کەوتبوو سەر لکوپۆپی دارێک و بەشێک لە ڕانی بریندار ببوو، بەڵام سەرهەنگ محەممەد ببووە خەڵۆز. دەنێو کیسەیەکی سپییان نا و هێنایانەوە سەربازگه. خەبەریان به محەممەدئاغای سەرایە دا و ئەویش هەواڵی شەهید بوونی سەرهەنگ محەممەدی ناردەوە مەهاباد.
تیمسار هومایوونی لە گۆشەیەک سەرگرووبانەکەی ڕاگرت و پێی کوت:
ـ ئەگەر ئەودەم جوێنم پێ دای عیلاجم نەبوو، دەبا وا جووڵابامەوە، ئێستاش ئەوە فەرمانم داوە سەت تمەنت خەڵات بدەنێ پلەیەکیش دەرەجەکەت دەبەمە سەر. گرووبان جارێکی تر ئیکلامی کێشا و کوتی:
ـ زۆر سپاس گەورەم.
لە قوژبنی زیندانه تاریکەکەدا لاوێک به بیستنی هەواڵی کوژرانی سەرهەنگ محەممەد سەری بەردابۆوە سەر ئەژنۆی و سەبرسەبر دەگریا، شانێکی داکەوتبوو.
-کێمخوا، کامڕان حامیدی، ناوەندی مەموزین، لل ۲۷۳-۲۷۰