پەخشان پیروزبێ رۆژی زمانی زکماکی
ـ حەسەن ئەمینی سەقز
گوندەکەمان کەس نەکێڵ و بەردەرەق بوو
چەپەک و سەڵت هەڵکەوتبوو
مدیرەکەمان پیاوێکی ئازەری زمان بوو زۆرم خۆش ئەویست قوتابخانەکەمان ئەیروانیە سەر کانی و ئەسێری بەر حەوزی ئاوایی کە ئاوێکی زۆری تێدا بەربەست کرابوو
لەوێوە هەرچاوێکم لەو سۆنەکانی سەر ئاوەکە بوو چەند دانەیان هی ئێمە بوو..
مدیر بەردەوام دەنگی ئەدام و ئەیوت: چاو لە کوێ ئەکەی ؟ هۆشت بە لای دەرسەکەتەوە بێ کەم چاو لەو ئۆردەکانە بکە.
کە ئەیوت ئۆردەک زۆر پێم ناخۆش بوو پێم ئەوت: ئاغای مدیر بۆ بە سۆنەکانی دایکم ئەڵێی ئۆردەک لانی کەم وەک مامۆژنم بڵێ: مراوی..
مدیر عاجز ئەبوو و ئەیوت: تۆ خەریکی دەرسی ئەها لە کتێبەکدا نووسراوە ئۆردەک سۆنە هی دایکتە هی زمانی ماڵەوەیە . ئەمە زمانی رەسمی وڵاتە…
ئیتر لە سەردڵما ئەبوو بەگرێ.. ئەچوومەوە بۆماڵەوە دایکمم هەڵئەپێچا و ئەموت: دایە بۆ زمانی تۆ رەسمی نیە؟ بۆ لە ناو کتب دا نیە ؟ بۆچی هەرتۆ ئەڵێی سۆنە ؟ ئاغای مدیر ئەیوت: سۆنەکانی دایکت رەسمی نیە ناوچەیی یە ! ئەی تۆ؟ زمانی تۆ بۆ رەسمی نیە؟..
دایکم قەت تووڕەنائەبوو هەمووجارێ هەناسەیەکی هەڵ ئەکێشاو ئەیوت : ئاغای مدیر راست ئەکا زمانی کتێب زمانی رەسمی وڵاتە بە قوربان هەر ئێمە وانین ئاغای مدیرخۆیشی وەک ئێمەیە ئەویش خۆی ئازەری یە و هاتوە لێرە دەرسی فارسی یان بڵێین ناوەرۆکی عەرەبی بە زمانی فارسی بە تۆی کورد ئەڵێتەوە دایکی ئەویش بە سۆنە ئەڵێ( ئەرکک ) زمانی ئێمەو ئاغای مدیر هێشا نەبوەتە کتێب من لە سینەمدا لە ئاخاوتن و هەڵس وکەوتما پاراستوومە و هەتا گەیانوومەتە تۆ تۆیش دەرس بخوێنە بەڵکۆ تۆ بتوانی سۆنە کانی من بخەیتە دووتۆی کتێب… ئیتر دەستێکی بە سەرما ئەهێناو ئەیوت: ئێستە هەڵسە هەتا تاریکی نەکردوە بڕۆ سۆنەکان لە ناو هەستێرە ئاوەکەی بەرمزگەوت بهێنەوە.