لەسەر کێشی ڕوباعی و به نەغمەی قەڵەمی «ئالی»
– سەلاح پایانیانی
پوختەی وتار
کتێبی «نێوانی من و تۆ» بەرهەمی عەزیز ئالی، لەم دوایانەدا لە لایەن «ئینتشاراتی سەرای هێمن»ـەوە بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتوووە. بەشی یەکەم لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبییە. نووسەر لەم بەشەدا دوای ناساندنی قاڵبی ڕوباعی و وەزنەکانی، مێژووی ئەم قاڵبە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بە کورتی دەگێڕێتەوە؛ ئینجا وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە کە بۆچی قاڵبی ڕوباعی لە چاو قاڵبی دیکەی وەک غەزەل و قەسیدە زۆر درەنگ هاتۆتە ناو شیعری کوردییەوە؛ دوای ئەوە دێتە سەر هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی ڕوباعییەکانی شاعیران و وەرگێڕانی کورد لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ. بەشی دووەمی کتێبەکە برێتییە لە ۳۵۵ ڕوباعیی خودی نووسەر کە ژمارەیەکی کەمیان تەرجەمەن. بەشی سێهەمی کتێبەکە فەرهەنگۆکێکی ۲۵ لاپەڕەیییە و بۆ ئەو وشە و ئیستیلاحانەی ناو دەقی کتێبەکە تەرخان کراوە کە مانایان لە فەرهەنگ و سەرچاوەکاندا بە وردی و تەواوی نەهاتووە. مەدخەلەکان بە شێوەیەکی زانستی و کاربردی (practical usage) مانا کراونەتەوە و بۆ زۆریان نموونە لە مەتن و سەرچاوەی موعتەبەر هێنراوەتەوە. شیاوی گوتنە ئەم بەرهەمە دوو «پاشکۆ»شی بە ناوی «ناونامە» و «کتێبنامە» لەگەڵە کە ناوی کەسوشوێن و سەرچاوەکانی تێدا هاتووە.

شێعر یەکێک لە دانەبڕاوترین کردە و گوتەکانی سەر بە خەیاڵدانی مرۆیە؛ لە وەتا مرۆیەک پێی خستۆتە سەر ئەم گۆی زەوییە سەرێک حاڵات و گوتە و کردەی وای هەبوون لە چاو گوزەرانی باقی ڕۆژێی جیاوازتر و دڵدۆزتر بوون. بێ¬گومان بەرلەوەی عەقڵی بەوە بشکێت خەیاڵی لە پەنجەکانیەوە سەر بکات و لاشانی ئەشکەوتان بنەخشێنێ و گزموولە قوڕان هەڵخڕێنێ و پەیکەرۆکەی لێ پێکبێنێ، بە دەم ژینی تێکەڵ ڕاوی کێویی شاخ و داخەوە لە سەیری شنینەوەی پنجە گوڵێک، زایەڵەی داڕژانی ئاوهەڵدێرێک، کەشمونەشمی پەلەوەرێکی مێوینە، ڕاکەڕاکی گەواڵەی هەوران و پێدزکەی مانگ و … ختووکەیەک بە دڵی¬دا هاتووە و تەزوویەکی خۆش دە لەشی گەڕاوە؛ بێ¬وەی دەرەتانی دەسگیر کردنی هەبووبێ. ژیانی بەکۆمەڵ و زمان گرتن بۆ پێکگۆڕینەوەی مەبەستەکان بەرەبەرە هەلێکی خستۆتە بەر دەم؛ نەک هەر بۆخۆی ئەو کورتەساتانە و ئەو تیشکەڵە تەزووانە ڕاو کات و لە هوندروونییەوە هەڵگوێزێت، بەڵکوو بۆ بوونەوەرێکی وەک خۆشیان ڕاگوێزێت؛ ئەوە نەقڵی گوورانی هەوێن و دندووکە دانی خولیای شێعرە؛ ئەو حاڵاتە سەیر و سۆبەتەی تا وێستاش ئەگەر مرۆ سەربزێوانە سەری بە هەموو کەلێن و قوژبنەکانی خیلقەت¬دا کردووە؛ هێشتاکوونێش دەروەستی نەهاتووە لە پێناسەیەک¬دا قەتیسی کات.
شێعر دەگەڵ کەوتنە سەر زار و زمانان و بە دەم گەشە کردنییەوە، ڕیشاژۆشی کردووە و لکوپۆشی لێ بۆتەوە؛ جوغڕافیا و کەش و کلتووری کۆمەڵگە و زەمەنی بەخۆدا هاتنی ڕەنگ و بۆی جۆراوجۆری وێخستووە؛ ئەو وەچانەی دواتر بە «قەتعە» و «غەزەل» و «قەسیدە» و «ڕوباعی» و «پێنج خشتەکی» و چی و چی نێودێر کراون و بە سەر یەکەوە بەشێک لە وێژەی گەلانیان پێکهێناوە و لێر و لە وێ جەزی خەرمانیان کۆکۆیە. دەگەڵ ئەوەی ئەو تاقمەی سەروسڕڕێکیان لەو خستنە ڕووی هەستەدا بووە، بەشێکی زۆر کەمی کۆمەڵگە بوون، پێی چوو هەتا لەو نێوەدا تاقمێکیش هەڵکەون ئاوڕێکی هەڵسەنگێنەرانە لە داهاتی وان بدەنەوە و حاسڵیان شەن و کەو کەن؛ ئەو تاقمە کەم¬ترە هەمان ڕەخنەگران و تۆژەرانن ئەگەر تانوپۆی کری هەست و خەیاڵی ئەوان شاعیران دەدۆزن و عەیاری دەر دەخەن، بێ¬وەی حەکمەن {= حوکمەن} هەرچی دەیڵێن زرینگەی بێت و تا هەتایە درزان هەڵ¬نەگرێت؛ چونکە وەک فڵانە فەیلەسووف گوتی «هەر گۆڕانە وەک خۆی دەمێنێت و دەمێنێت».
لە خودی خوڵقاندنی شێعر بترازێ، وەک زوربهی بەشەکانی تری وێژە، ماڵوحاڵی کورد ڕووت و
بێ¬نموود دەنوێنێ و لەو نێوەدا تۆژینەوە لە هەژاریی¬دا سەرتۆپیانە! بێ¬بەختانە چارەنووسی شێعر لە نێو ئەو نەتەوەیەدا وەک چارەی ژین و ژیانی خۆی لێڵ و لەرزۆک بووە؛ چ جای دەرەتان بۆ پێ¬دا چوونەوە و لە کەو و بێژینگ دان و داتەقاندنی ئەو حاسڵاتە. ئەوە بەو واتایە نییە ئەگەر تا وێستا تۆژینەوەی کوردی لەو بوارەدا هیچ بەرێکی نەگرتووە؛ بەڵکوو قسە لە وەیە داهاتێکی وای نەبووە ئۆخژنت بێنێتێ و تینوایەتیت بشکێنێ. بۆشایی بەرهەمی تۆژینەوەیی لە سەر خودی شێعر بەگشتی، جوان جوان لەچاو دەدات، نەخاسمە لە سەر جۆرێکی تایبەتیی شێعر؛ هەرچەند هەرتک لایان بۆ لا کردنەوە لە وێژە فەڕزن و بەجێ هێنانیان زەروورە. دیارە ئەوەش پیاوی ڕەسیدەی خۆی دەوێ، قەڵەمێکی وا پتەویش ئەگەر لە گرفنچکان هەڵ نەکەوێ؛ بەو حیسابەیە دەڵێم هەژاریی بە توێڵی وێژەی کوردییەوە عەیانە. وەک گوترا وا نییە تا وێستا لە سەر شێعر هیچ نەگوترابێ و نەنووسرابێ، نەخێر نووسراوەی زۆر و بۆر هەن، بەڵان دەقی لێ¬کۆڵینەوەیی پسپۆڕانەی چڕوپڕ و گشتگر دەگمەنن؛ واتە تۆژینەوەیەک ئەگەر نووسەر یەک بابەتی دیاری بە ئامانج گرتبێ و نە کوتنی لەسەر ئەو بابەتە لە کورتێی دابێ و نە هێندی پەل بۆ پەڕاوێزان هاویشتبێ کە ماکی بابەتەکەش کەوتبێتە پەڕاوێزەوە! جا کورد گوتەنی ئەو ڕیس و گوریسەم بۆیە تەنی، بڵێم ئۆخخەی نەمردین و کتێبێک تایبەت بە یەک جۆرە شێعر، بە قەڵەمی یەکێک له کوردیزانترین و وردبینترین و ئەدیبترین کەسایەتییەکانی کورد وەبەرهەم هات؛ «نێوانی من و تۆ»؛ تۆژینەوەیەک لە سەر «ڕوباعی» و بە پاڵیەوە کۆمەڵە ڕوباعییەکی تۆژەر و شاعیری موکریان «عەزیز ئالی».
بەشی تۆژینەوەی ئەو کتێبە بۆخۆی کتێبێکی سەربەخۆی ۲۳۰ لاپەڕەیییە و تۆژەر دەقودۆغر دە قەبەڵی ڕوباعی کردووە و هەرچەند لە ئارداوێژی¬ڕا دەردەکەوێ بەسەر خەسلەتەکانی هەموو جۆرە شێعرێکی کلاسیک¬دا زاڵە، بەڵام بە بابەتە دیاری¬کراوەکەیەوە نووساوە و خۆی لە قسەی زیادە پاراستووە؛ بۆشایی ئەو جۆرە تۆژینەوانەن ئەگەر وێژەی کوردییان سەغیر خستووە و ئاتاجی تۆژینەوەی لەو جسنەیە؛ هەوەڵەن نووسەر بۆخۆی سەرێک بێ لە نێو سەران¬دا؛ چ لە باری پسپۆڕایەتی سەر بە تۆژینەوەکە و چ لە ڕوانگەی دەست و قەڵەمی شاعیرێتییەوە. دووهەمەن حەد و سنووری خۆی لە دەربڕین¬دا بە میزان ڕاگرێ، هاوکات ئەوەی پێویستە بیڵێ، وە بن لیچی نەدات و لێیبدوێ و لاسەنگی نەکات.

(وێنەی عەزیز ئالی نووسەری پەرتووکەکە)
«عەزیز ئالی» لەو تۆژینەوەیەدا نەغد ئەو کەسەیە ئەگەر بواری شێعر لە کوردی¬دا موحتاجێتی. «ئالی» بەپێی ئارەزووی خۆی تەنیا «ڕوباعی»ی وەک یەک لە لکەکانی شێعر، بۆ تۆژینەوەکەی دیاری کردووە و سەرپاکی بەرهەمەکەی بۆ ئەو بابەتە تەرخان کردووە، بێ وەی سەر و بەر بکات.
ئەو بەر لە هەموو شت بە ڕەگاژۆی ڕوباعی¬دا ڕۆ چووە و لە جەرگەی سەر هەڵدانییەوە تاوەکوو بنە خستنی لە هەرێمی وێژەی کوردی¬دا سرنجی داوەتێ. قسەی لە خاوەن¬ڕایانی فارس خوازتۆتەوە و ئەدەبیاتی عەڕەبیی لەو ڕووەوە دۆزیوە و وتارەکەی پێ بەڵگەمەند کردووە. لەو بەشەی¬دا خوێنەرەوە هەست بە هەژاریی وێژەی دەوڵەمەندی فارسییش دەکات؛ وا کە خاوەن ڕایانی بەحیساب قسەپتەویشی بە سەهوو چوون، یاکوو دەمارگرژی قسەی لێ هەتڵە کردوون. «ئالی» قسە لە قسەیان¬دا دەکات و لە ڕاستییەکان دەدوێ. لە پێشینەی ڕوباعی دەکۆڵێتەوە و ناوەرۆکی وەرد دەداتەوە و قۆناغی وەبرەو کەوتن و بێ¬برەوبوونی دەردەخات. نووسەر لەم تۆژینەوەیەدا پسپۆڕانە عەیارەیەکی قسەبڕی بۆ ڕوباعی داناوە و لەو ڕوویەوە کەوتۆتە قسان؛ کێشی عەرووزیی ڕوباعی وەک درووشمی سەرەکیی ئەو جۆرە شێعرە، ئەو جۆرە ڕوانینە خۆماڵییە بێ¬بنەمایە دەگۆڕێت ئەگە هەموو کورتەشێعرێکی چوار نیوەدێڕی بە ڕوباعی دادەنێ و نێوی چوارینەی دەخاتە سەر. شارەزایی تەواو و کەماڵی نووسەر بە سەر عەرووز¬دا ـ ئەو یاسا توێتوێیە! ـ وای بە دەستەوە داوە ئەگەر بەهاسانی سەرژیل و بن¬ژیلی لێ بگرێ، دەرکاودەرک نەکات و ڕاستە و ڕاست لە ماڵە ڕوباعی وەژوور کەوێ.
هەرچەند مەسەلەی نووسەر لەو تۆژینەوەیەدا قامک نانە سەر شاعیرێتی و دەست¬ڕۆیشتوویی ئەو شاعیرانە نییە وا ڕوباعی¬یان بە تەماڵ هەڵناوە، بەڵام شێوازی تۆژینەوەکەی بۆتە تەرازوویەکیش بۆ هەڵسەنگاندنی هێز و پێزی ئەو شاعیرانە لەو بوارەدا. «ئالی» شاعیرانی کوردی ڕوباعی¬بێژی، ئەوی تەنانەت تاقە دانەیەکیشی کوتبێ، دەست¬نیشان کردووە و بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە هەر دوو دیوی تەکووزی و نوقسانیی بەرهەمەکەیانی وە دەر خستووە. تەرازووی تۆژەر لەم هەڵسەنگاندنەدا زەوق و سەلیقەی خۆی و قسەی بێ-بەڵگە نا، بەڵکوو ئەو عەیارانەن وا دەبنە جومگەکانی جەندەکی شێعر و هۆی قیت و قنج ڕاگرتن و نوون تێ نەبوونی. ئەو بە نموونەوە لەو سەنگانە دواوە و شێعرەکانی پێ هەڵسەنگاندوون. لەو ڕوانگەیەوە ئەو تۆژینەوەیە هاوکات وتارێکی ڕەخنەییشە سەبارەت بە قەڵەمی دانەدانەی ئەو شاعیرانەی نێوی هێناون و قسەی لێکردوون؛ «پیرەمێرد»، «بێخود»، «کەمالی»، «شێخ نووری شێخ ساڵح»، «هەژار»، «حەقیقی»، «ئاوات»، «خاڵەمین»، «مەلا غەفوور دەباغی»، «هاوار»، »هەڵۆ» و «ئەمین گەردیگلانی». نووسەر کاریگەریی جیرانەتیی ئەدەبیاتی فارسی و عەڕەبی لەسەر دزە کردنی ڕوباعی بۆ نێو وێژەی کوردی¬ لێکدەداتەوە و ڕەوتی گەشەی ڕوباعی لە نێو شاعیرانی باشوور و ڕۆژهەڵات¬دا دەنوێنێ و بە ئەگەری زۆرەوە یەکەمین شاعیر و وەرگێڕی ڕوباعی دەر دەخات.
خاڵێکی تری جێ سرنج بە زەروورەت دانانی لێ¬دوان لە سەر ئەو ڕوباعییانەیە وا لە فارسییەوە کراونەتە کوردی و بەشێکی زۆر لە ئاشتەبای ئێستای ڕوباعی نێو وێژەی کوردیین. تۆژەر لێرەش هەمیسان بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە ڕوباعیە وەرگێڕدراوەکانی داوەتە بەر مەدی نەزەر، لێی هەڵبژاردوون و لەگەڵ عەسڵەکەیان پێکی گرتوون و لە ڕووی کەرەسەکانی شێعرییەوە لایەنی باش و ناباشی دەر خستوون. نووسەر تەنگژەی بەستێن و قفڵ و بەند نەبوونی جۆرە شێعری ڕوباعی لە ڕووی یاسای عەرووزەوە لە نێو داڕشتەی زمانی کوردی¬دا باس دەکات و لەو ڕووەوە ئاوڕ لە بەرهەمی شاعیرانی کۆن و نوێ دەداتەوە و لە جێ¬گرتە نەبوونی سروشتیی کاڵای عەرووز لە زمانی کوردی¬دا دەدوێ. خاڵی جێ سرنج لە باسی کردەی ئەو شاعیرانەدا ئەوەیە تۆژەر تاپۆی پێگەی بەرێی شاعیر و بەرهەمەکەی لە نێو خوێنەرەوان و بەگشتی کۆمەڵی کوردەواری¬دا، لە بەر چاوی خۆ ڕەواندووە و نەکەوتۆتە ژێر تەوژمی کاریگەریی ناوبانگی شاعیر یا بەرهەمی دانسقەیەوە و پێوانەی زانستییانەی خۆی لێکردۆتە بەڵگە و بەو تەرزەی حیساب لێکداونەتەوە؛ بۆ نموونە لە قسە کردنی¬ لە سەر شاعیرێکی وەک «هەژار» و بەرهەمێکی جێ¬کەوتوو و پەسند کراوی وەک «چوارینەکانی خەییام بە کوردی»دا.
(سەڵاح پایانیانی نووسەری وتارەکە)
خوێنەرەوەی ئەو کتێبە دوای خوێندنەوەی، بەری چاوی سەبارەت بە پێگەی ڕوباعی لە ئەدەبیاتی دەوروبەردا ڕوون¬تر و خانەکانی مێشکی لە ناسینەوەی ڕەوتی ڕوباعی لە وێژەی کوردی¬دا دارماڵن. شارەزایی و ئەزموونی شیاوی باسی تۆژەر لە سەر عەرووزی شێعر، ئەگەر دوای پشکووتنی هەست، گرینگ¬ترین یاسای داڕشتنی شێعری کلاسیکە، بە ڕوونی بەو تۆژینەوەیەوە دیارە و خوێنەرەوە دەکارێ وەک سەرچاوەیەکی جێ-متمانە بۆی بگەڕێتەوە و پشتی خۆی لێ بکاتەوە.
بە خوێندنەوەی ئەو تۆژینەوەیە لێت عەیان دەبێت ڕوباعی لە بنەڕەت¬دا چییە و چ جۆرە شێعرێکە، کەنگێ و لە کوێ سەری لە هێلکەی هەست جوقاوە، ناوەرۆکی چ بووە و چ ڕێیەکیان پێ پێواوە و چۆن دەرکاودەرک چووە، کەنگێ سەری بە ماڵی وێژەی کوردی¬دا کردووە و چۆن داودامەزراو بووە و داهاتووی بەرەو کوێ دەچێت؟
بەشی دووهەمی ئەو کتێبەش بۆخۆی دیوانێکی سەربەخۆیە و دەبێ بڵێین هەر چارەنووس ڕەگەڵ ئەو تۆژینەوەیەی خستووە! دیوانێکی ۱۸۰ لاپەڕەیی کالاڕێژ لە ڕوباعیی جوان. نزیکەی ۳۵۵ ڕوباعی لە خۆ گرتووە و ناوەرۆکی جۆراوجۆریان وێخراوە؛ باس لە جوانی، ئەوین و ڕابواردن (۸۵ دانە)، دەردەدڵ، خەفەت خواردن، لە حەسرەت و بەخت دوان (۷۶)، ڕەوتی ژیان و مەرگ، چارەنووس و ترس و پرسی بوون و نەبوون (۴۴)، بابەتی کۆمەڵایەتی و دەردی ناسۆری کۆمەڵگە (۳۷)، ڕوانین لە ئاوێنەی سروشت¬دا و بوونەوەر و بێ¬گیان دواندن (۲۷)، کوردایەتی، نەتەوەپەرەستی و نیشتمان (۱۶)، خیلقەت و خودا و شەیتان و … (۱۶)، دوان لە شێعر و گوتن (۱۱)، پێ¬هەڵاگوتن بە کەس و شوێن و …(۱۰)، شەڕ و خراپە و ستەم و دوژمنایەتی (۹)، بۆنە (۷)، ئازادی و ماف (۵)، گاڵتەئامێز (۴)، دین و موسوڵمانەتی (۳) و هونەر (۲).
40 دانەی ئەو ڕوباعییانە لە زمانی فارسی و دوانیان لە زمانی ئینگلیسییەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی؛ ئەخەوان، بێدڵی دێهلەوی، مەولەوی، مەحموود کیانووش، هیلالی جوغتایی، کەماڵەددین ئیسماعیل، شێخی بەهایی، عەتتار، بێرتوولت بڕێشت و … ئەو شاعیرانەن کە شێعری لێ وەرگرتوون. بەو حیسابە هۆنەر لێرەدا شاعیر و وەرگێڕیشه و دەکرێ لە هەر دوو ڕووەوە بخوێنرێتەوە و سرنجی بدرێتێ و ئەویش وەک یەک لەو شاعیرانەی باسی لێوەکردوون هەڵسەنگێندرێ، کارێک کە بۆخۆی خۆی لێ پاراستووە و بێ لە وەی چەند تێبینییەکی پێویستی خستبێتە سەر کۆمەڵە ڕوباعییەکەی، هیچی دی لێ نەکوتوون و بۆ ڕەخنەگرانی جێ هێشتوون. بێ سەر کردن بە ناوەرۆک و پوختەی شێعرەکان، ئەوەی لە شێوازی چاپی ئەو ڕوباعییانەدا خۆ دەنوێنێ ئەو چەند خاڵەن:
1- بۆ دانەدانەی ڕوباعییەکانی نێوی داناوە و زۆر چەلان ڕوباعییەکە وەک شتێک تەفسیری نێوەکەیەتی؛
2- لە زۆر جێیان ئاماژەی بەو بابەتە کردووە ئەگەر بۆتە هەوێنی بزواندنی شاعیر و ڕوباعییەکەی لێ کەوتۆتەوە، بابەتەکەشی داناوە؛ جا مەسەلێک، دێڕە شێعرێک یان گوتەیەک بووبێت؛
3- دەقی عەسڵیی ئەو ڕوباعییانەی لە پاڵ وەرگێڕانەکانیەوە داناوە و کاری پێکگرتنی بۆ خوێنەرەوان و ڕەخنەگران هاسان کردووە؛
4- شاعیر لە ڕووی دەربڕینەوە خۆی بە زاراوەی موکریانەوە نەبەستۆتەوە و قالب و داڕشتەی ڕوباعییەکانی بە کەرەسەی زاراوەیی دیش تۆکمە و تەکووز کردووە؛
5- نزیک دە دانە لەو ڕوباعییانەی بە دوو جۆر گوتووه و دڵی نەهاتووە یەکیان وەلا نێت و هەر دوو جۆری داناون و هەڵبژاردنی بۆ خوێنەرەوان جێهێشتوون. (لێرە لە بژاردنی کۆی ڕوباعییەکان¬دا بە یەک دانە داندراون)؛
دوابەشی ئەو کتێبە «فەرهەنگۆک»ـێکە زیاتر لە ۳۰۰ وشە و زاراوەی لەخۆ گرتووە (۲۵ لاپەڕە) و بە شێوەیەکی ورد و زانستییانە ڕوون کراونەتەوە و وەک پاشکۆیەک خراونەتە سەر کتێبەکە. ئەو وشە و زاراوانە لە ڕوباعییەکانی شاعیردا دە کار کراون و مانا زانینیان بەر چاوی خوێنەرەوە ڕوون دەکەنەوە. ئەم فەرهەنگۆکه بەپێی فەرهەنگنووسیی مۆدێرن ڕێکخراوه. واتا لە ڕوانگەی «وشەنامەیی» و لیستکردنی وشەکان دوور کەوتووەتەوە و بەرەو «شیکردنەوەیەکی سیستەماتیک لە زمان» هەنگاوی ناوە. تایبەتمەندیی دیاری ئەم شێوازە، گۆڕینی پێناسە وشک و کورتەکانە بە ڕوونکردنەوەی چەمکی، بەکارهێنانی و زەمینەیی (Contextual)؛ بە جۆرێک کە وشەکە نەک تەنیا لە ڕووی زمانەوانییەوە، بەڵکوو لە ڕووی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و مێژووییشەوە ڕوون بکرێتەوە. لەم ڕوانگەیەدا، جەختکردنەوە لەسەر پێکهاتەی زمانەوانی، کۆڵینەوەی پەیوەندیییە واتاگەلییەکان (وەک هاوتا و دژەکان) و شیکردنەوەی گۆڕانکارییە زمانەوانییەکان بە تێپەڕبوونی کات، خاڵی ناوەندییە.»
بەکورتی و به کوردی ئەم بەرهەمه سەرچاوەیەکی زانستیی جێبڕوا و بەڵگەمەنده بۆ پەیجوورانی ڕەوتی گەشه و نەشەی ڕوباعی له ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبیدا بەگشتی و خوازرانەوه و گوازرانەوەی بۆ نێو وێژەی کوردی بەتایبەتی. هەروەها نموونەی کارێکی ورد و پوخت و پاراوه بۆ خوێندکارانی ئەدەبی کوردی و لێکۆڵەرانی کێشی عەرووزی له شێعری کوردیدا.
له کۆتاییدا پڕبەدڵ پیرۆزبایی له کتێبخانەی کوردی دەکەم و هیوادارم خۆشخۆش چاومان به کاره شاز و ناوەزەکانی مامۆستا عەزیزی تاقانه ڕوون بێتەوه.