اخبار, فرهنگی, ویژه خبری, یادداشت

مامۆستا عەزیز گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانیەوە

د. محەمەد یەعقووبی

بەشی هەشتەم(خەبەر و داخوازی)

یە بۆنەی دەستپێکردنەوەی وانە و زانکۆوە، بڵاو کردنەوەی بەشی هەشتەمی وتارەکەم بەدرەنگ کەوت. وەک کەسێک دڵەڕاوکێیەکی بۆ بەدیهێنانی ئامانجێک یان جێبەجێ کردنی ئیش و کارێک هەبێت، خۆرەی تەواو کردن و خوێندنەوەی وردی کتێبەکانی مامۆستا عەزیز گەردیم بە ناو دڵ و دەروونم کەوتووەو هیوادارم ئەو ئامانەتە بە جێ بێنم و بتوانم شەرح و شرۆڤە و لێکدانەوەی ناواخنی کتێبەکانی تەواو بکەم. لە سێ دۆخی خەبەردا، بابەتی پێشووم تەواو کرد، دۆخەکان بریتیبن لە دۆخی ساکار، داواکاری و نکوولی و دەبێت چۆنیەتی ڕاگەیاندنی خەبەرەکە لە گەڵ باری تایبەتی گوێگردا بگونجێت. لە دۆخی ساکاردا خەبەرەکە بە ساکاری دەدرێت، لە دۆخی داواکاریدا خەبەرەکە بە یەکجار جەخت کردنەوەوە دێت. لەدۆخی نکوولیدا  خەبەرەکە بە دوو یان سێ جار جەخت کردنەوە دێت. جەخت کردنەوەکەیش بە گوێرەی باری دەروونی و دەرەکی گوێگر دەگۆڕێت. جەخت بە شێوکانی خوارەوە دەکرێت: ۱. شاعیر یان قسەکەر جۆرێک پێشان بدات کە گوێگر پرسیارێکی کردووەو شتی وایش لە گۆڕێدا نەبێت، بەڵام نووسینەکە وادەگەیەنێت وەڵامی پرسیاری نەکردە دەداتەوە. مامۆستا فایق بێکەس دەڵێت:
باسی مەحزوونی و کەساسی خۆت مەکە توخوا وەتەن
چوونکە بەوباسە برین و زامەکەم دەکولێتەوە
ئەم خەبەرە وادەگەیەنی وەتەن باسی خەمەکانی خۆی کردووەو ئەمیش بە شێوازێکی داڕشتنانە یان ئینشایی(امری) باسەکە وە گڕ دەخات و هۆکاری بۆ دێنێتەوە. ۲. یان وا دەبێت کە گوێگر خۆی خەبەرەکە بزانێت، بەڵام لە خەبەرەکەدا وا بنوێنێت کە گوێگر لە خەبەرەکە ئاگایی نییە. بۆیە بۆ ئەم بایەخ پێ نەدان و پشت گوێ خستنە وریا ببێتەوەو دان بە ناوەڕۆکی خەبەرەکەدا بنێت. وەکوو ئەوەی کەسێک لە گەڵ باوک و دایکی خۆی خراپ بێت تۆیش پێی بڵێی ڕۆڵەگیان ئەوە دایک و باوکی تۆن. کە تۆ ئەم شێوازە قسەکردنە هەڵدەبژێریت ناڕاستەوخۆ ئیعتیرازی لێ دەکەیت و بە چەشنێک پێی دەڵێیت تۆ لە بیرت چووەتەوە ئەوانە باوک و دایکی تۆن. ۳. جۆزێک خەبەر بە پاتەکردنەوە دێت و جەختەکە لە پاتەکەدا وە دیار دەکەوێت، وەک شیعرە ناودارەکەی نالی کە دەفەرموێت:
بحمداللە دوو چاوی یارم ئۆخەی
بە بێ مەی مەستی بێ مەی مەستی بێ مەی
لە بۆستانی ئیرەم دا قەت نییە وەک
شەمامەی وەک شەمامەی وەک شەمامەی
گوتی نالی ئەتۆ بمرە ئەمن دێم
خودا کەی بێ خودا کەی بێ خودا کەی
۴. جاروبار لە زمانی کوردی جەخت کردن بە هۆی هێنانی بڕێک وشە وەک (هەر، خۆم، قەت، هەرگیز، سوێندخواردن) جێبەجێ دەبێت، وەک بڵێت: من خۆم دەیهێنم یان وەک کامەران دەڵێت:
بەڵام هەر ئەبێت شەفەق دەرکەوێ
کورد لەم هەوڕازە سەختە سەرکەوێ
قەت: مامۆستا ئەحمەد هەردی دەڵێت:
قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو
خۆت نەخەیتە بەر شەپۆلی ئەشکی بێ پایانی شەو
هەرگیز: گۆران دەفەرموێت:
بەڵام تەبیعەت هەرگیزاو هەرگیز
بێ ڕووناکیبە بێ بزەی ئازیز
سوێند و قەسەم: مامۆستا هێمن دەفەرموێت:
سوێند بە شەرمی یەکەم نیگای چاوی دڵدار
بە ترپەی پڕ لە ئاواتی دڵی بێ قەرار
بە کزەی بای بەیان، بە فرمێسکی پەشیمانی
بە نزا و پاڕانەوەی پیری مەیخانە و خانەقانی
دوایی دێتە سەر باسی داڕشتن یان ئینشا و بەم جۆرە باسەکە شرۆڤە دەکات:
داڕشتن ئەو قسە یان گوتەیە کە ڕاست و درۆ بە خۆوە هەڵناگرێت. چونکوو ئەو مانایەی کە واقیع تیایدا هیچ دەوری نەبێت، تابزانین داخۆ لە گەڵی دەگوونجێت یان نە، وەک ئەو شیعرەی بە ئەمرکردنەوە دەست پێدەکات:
مەژی بۆ مردن بمرە بۆ ژیان
چۆن قازانج ئەکەی تا نەکەی زیان
ئەمە نەهێشتن و فەرمان و هاندانی تێدایە. ئەمانەیش چاکە و خراپە هەڵدەگرن، واتە دەشێت نەهێشتنێک، یافەرمانێک یا هاندانێک چاک بێ یان خراپ بێ، بەڵام ئەمە مانای ئەوەی نییە کە راستە یان درۆیە، ڕاست و درۆ شتێکە و چاک و خراپەیش شتێکی دیکە. داڕشتن  دەکرێتە دوو بەش: داخوازی یان طلبی، ناداخوازی یان بێ لەداخوازی یان غیرطلبی، داڕشتنی داخوازی ئەوەیە کە داوای شتێکت لێ دەکات، ئەو شتە لە حاندی داواکەدا هێشتا نەبووە. ئەگەر بووبێت و بابێتەوە مانای وایە داخوازییەکە بۆ مانای دروستی خۆی بەکار نەهاتووەو مانایەکی خوازەیی دەگەیەنی. داڕشتنی داخوازی زۆر لق و پۆپی لێ دەبێتەوە، ئەمانە هەندێکیانن. فەرمان، نەهێشتن،پرسیار، خۆزێ، بانگ کردن، کەدوایی درێژەیان پێ دەدەین. بەڵام داڕشتنی بێ لە داخواری یان ناداخوازی ئەوەیە کە هیچ داواو هاندانێکی تێدا نەبێت، هیچ شتی وایشی تێدا نەبێت کە ڕوویدابێت و بڕابێتەوەو مەبەستی پێی شتێکیتر بێت. ئەمەشیان هەندێک جۆری هەیە وەکوو: سەرسووڕمان و سوێند و هێڤی یان هیواخواستن. سەرسووڕمان وەکوو ئەم شیعرەی حەمدی:
بەبە چە ڕۆژێکی نۆییە
هەی هەی چە عومرێکی نوێیە
سەرسووڕمان لە زمانی کوردیدا بەم ئامرازەوشەییانەوە کردەکی دەکرێت:
بەبە، هەی هەی، پەککو، تەحا، هەیهوو

تواهوو ئاخ، حەیف، مخابن، دەک، ئۆخەی، هاها. سوێندیش جۆرەکانی زۆرن هەندێکیان ئەمانەن: ئایینی بە خوداو پێغەمبەر و قورعان و ئەسحاوەکان. نەتەوایەتی و نیشتیمانی بە خاک و نەتەوەو ئوستووره نیشتیمانییەکان، خزمایەتی و کەس و کار، یاد و بیرەوەری گۆڕی مردووان، مەعنەوی وەکوو برایەتی و خۆشەویستی.
هێڤی بە هۆی بڕێک ئامێرە وشە دەبێت، وەک هیوا: دڵدار دەڵێت:
هیوام بە تۆیە ئەی تازە مناڵ
بەیانی ببیە نموونە و میسال
بە وشەی تکایە:
تکایە ئەمڕۆ مەچۆ سەفەرێ
با لێم دوور نەبیت شوخ و دڵبەرێ
داڕشتنی داخوازی ئەو بەشانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
یەکەم: فەرمان. ئەوەیە کە کەسێک باڵا دەست بێت فەرمان بە ژێردەسەڵاتەکانی خۆی بکات تا ئیشێکی بۆ جێبەجێ بکەن:
دڵدار دەڵێت:
پێی وتم پیری سمێڵ کلکەسە
یا تاپۆ بدە یا بارکەو بڕۆ
ئەمە پێی دەگوترێت فەرمانی دروست یان حەقیقی. جاری وا هەیە فەرمان لە مانای واقیعی خۆی دەردەچێت و مانای دیکە بە خۆوە دەگرێت. ئەم فەرمانە پێی دەگوترێت فەرمانی خوازەیی مەجازی، هەندێک لەو مەبەستە خوازەییانە بریتین لە: ۱. پاڕانەوە. داوایەکە کە بچووک و بێهێز لە گەورەو باڵادەست دەیکات. بێکەس دەڵێت:
خوایە بمخەیتە جەهەننەم نەچمە ڕیزی وەحشیان
جەننەتی چی بێت و وابێت عەینی تیمارخانەیە.
داوا کردن لە خوا پاڕانەوەیە نەک فەرمان، بۆیە فەرمانەکە لە مانای خۆی دەرچووەو مانای پاڕانەوەی گرتووە.۲. داوا: فەرمانکردن لە کەسێک دۆست یان هاوتەریبی خۆتە پێی دەڵێن داوا. وەک بە دۆستێکت بلێی بڕۆ لە بازاڕ کتێبێکم بۆ بێنە. ۳،خۆزیە: ئەو کاتەی داوا کراوەکە زۆر ئازیز بێت و هیوای هاتنەدی زۆر کەم بکرێت.
خۆزگە بەو ڕۆژە کە لەو مەنزڵە وێرانە دەڕۆم
وەکوو مار لەو قەفەس و دانە بەرەو لانە دەڕۆم
گەرچی لەو ڕێیە دەزانم کە غەریب نابەڵەدە
من بە بۆنی سەری ئەو زوڵفە پەرێشانە دەڕۆم.
۴. هەڕەشە: ئەوەیە فەرمانەکە هەڕەشەوگوڕەشەی تێدا بێت.
داگیر کەری دڵ پر لە قین
دڕندەی بێ ویژدان و دین
ناتوانی واکەی کورد نەبین
هەر کورد بوین و هەد کورد دەبین
۵. ئامۆژگاری: ئەحمەد موختاربەگی جاف دەڵێت:
بخوێنن چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تێغی دوژمنتان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەڕتانە
پەک خستن:
ئەوەیە فەرمانەکە بۆ پەک خستن و تەحەدای گوێکر بێت. وەک بێکەس دەڵێت:
گەر ئەتوانی بە دەعیە  بفڕە بچۆرە ئاسمان
۶. سەرپشک کردن. جاروبار فەرمانەکە بۆ سەرپشک کردن و هەڵبژاردن لە نێوان دوو یان چەن شتە. وەک ئەدەب دەڵێت:
تا چەند بە میهر و ستەم ئەو بیم و ئومیدە
یا بمکوژە یا ڕوم بدەیە خەوف و ڕەجا چەند؟
۷. هاندان. جاروبار فەرمانکردن بۆ هاندانە. بێکەس دەڵێت:
لاوانی وەتەن غیرەتێ بکەن
دەی هەستن لەخەو
وا بەسەرچوو شەو.
فەرمان دەتوانێت لە دوو توێی خۆیدا چەندین مانای جۆراوجۆری دیکە بە خۆوە ببینێت.
دوای ئەم باسە دێتە سەر باسی پرسیار و هەر وەک باسی فەرمانکردن، شێوازەکانی پرسبار لە زمانی کوردیدا و مانا ڕاستەقیینەکانی پرسیار و مانا خوازەییەکانی بە جوانی شرۆڤە دەکات. من بۆ نموونە وشەی کام کە وشەیەکە پرسیاری پێ دەکرێت دێنمەوە تابزانن لە چە نموونەیەکی جوان کەڵک وەر دەگرێت. گۆران دەڵێت:
کام بەرزی جوانە وەک بەرزی باڵای
کام تیشک ئەگاتە تیشکی نێۆ نیگای
کام تاسە؟ کام مەیل؟ کام چاوەنواڕی
تەلیسماوییە وەک هیی دڵداری
لە مەبەستە خوازەییەکانی پرسیار، نکووڵی کردن دێنێتەوەو بۆ ئەو مەبەستەیش، ئەو شیعرە بەرزەی نالی وەک میسداق دێنێتەوە:
شیعری خەڵکی کەی دەگاتە شیعری من بۆ نازکی
کەی لە دیققەتدا پەتک دەعوا لە گەڵ هەودا دەکا؟
کاتێک دەڵێت یەک لە مانا خوازەییەکانی
پرسیار، نەفیە، دیسان لە نالی نموونە دێنێت:
وا زەن مەبە ڕوخسارەی تۆ غائیبە قوربان
بنواڕە چلۆن چەسپە لە نێۆ دیدەیی تەڕما
یەکێکیتر لە مانا خوازەییەکانی پرسیار، بەردەوامی ناخۆشییە کە بۆ نموونە ئەم شیعرەی تایەربەگی جاف دێنێتەوە:
تابەکەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە
دەس بە ئەژنۆ قوڕ بە سەرو دایم بە ئاهی سەردەوە
گەورەییش یەکێک لە ماناکانی خوازەیی پرسیارە کە بەو شیعرەی مامۆستا سالم شرۆڤەی دەکات:
چوومە سەر زیافەتی مەلا بەکری عالی جەناب
چە بڵێم خەڵکینە بۆم نایەتە بەر عەدەد و حیساب
دوایی لە ماناکانیتری خوازەیی سووبوونەوەو سەرسووڕمان و سەرکۆنەو ئامۆژگاری دێنێت و دوای تەتەڵە کردنیان، نموونە شیعرییان بۆ دێنێتەوە.
دوای پرسبار دێتە سەر باسی خۆزگەخواستن یان التمنی. داوا کردن و خۆزگە خواستنی شتێکە کە یان ماوای بە سەرچووەو بەدی نایەت، یان بە دیهاتنی زۆر ئەستەمەو لە مەحاڵ نزیکە. ئامێرەکانی وشەیی خۆزگە، خۆزیە خۆزیا، خۆزگە،بڕیا، کاشکایا، مسۆگەر دەبن و دوای ئەم باسە، دێتە سەر باسی بانگ کردن یان النداء کە یەکەمجار پێناسەی دەکات و دوایی مانا ڕاستەقینەکانی بانگ کردن لە گەڵ نموونە شیعریدا دێنێت و دوایی مانا خوازەییەکانی بانگ کردنیش بە تێر و تەسەلی شرۆڤە دەکات و پوختەیەکی ئەم باسانە لە دواباسدا دێنێتەوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *