مامۆستا جەوانمەردی قازی؛ فێرکارێکی دڵسۆز و لێزان، ڕاهێنەرێکی خاوەنهەڵوێست و بەرپرسیار
– دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس، نووسەر و لێکۆڵەر
[بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی؛ لە ڕێکەوتی ۲۶ـی پووشپەڕدا]
مامۆستا عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی، ساڵی ۱۳۲۵ـی هەتاوی لە مەهاباد و لە بنەماڵەیەکی ڕووناکبیر و نیشتمانپەروەر لەدایک بووە و بە ناوی باپیرەگەورەی خۆی، واتە شەهید میرزا فەتتاحی قازی کراوە. میرزا عەبدوڕڕەحیمی باوکی، کوڕی سالاری قازی بووە، کە سالاری قازیش کوڕی لێهاتوو و بوێر و جوامێر و ئازا و ناوداری شەهید قازی فەتتاح بووە. واتە خوالێخۆشبوو عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی، نەوەی سالاری قازی و نەتیجەی شەهید میرزا فەتتاحی قازی بووە. لە لایەکی تریشەوە، مامۆستا عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی، نەوەی سەیفولقوزاتی گەورە بووە، واتە دایکی( سوڵتانخانم)، کچی سەیفولقوزات و مناڵی بچووکی سەیف بووە؛ هەر لەم ڕێگەیەوە، حەمەحوسێنخانی سەیفی قازی، سوورخەڵاتی نەمر، خاڵی مامۆستای تازەکۆچکردوویە. باوکی مامۆستا عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی(میرزا عەبدوڕڕەحیم)، بەهۆی چالاکیی نیشتمانپەروەرانە و نەتەوەخوازانەی، لەو چاخ و سەردەمە هەستیارەدا، قۆڵبەست دەکرێ و بۆ ماوەی پتر لە دوو ساڵ دەخرێتە بەندیخانەی قەسری تاران. عەبدولفەتتاحی مێرمنداڵ لەگەڵ بنەماڵە و دایکی، سوڵتانخانمی سەیف‒کە وەک ئاماژەی پێدرا کچی مەڕحوومی سەیفولقوزات و منداڵی چکۆلەی ئەو بووە‒کۆچ دەکەن بۆ گوندی ساروقامیش. عەبدولفەتتاحی مێرمنداڵ پۆلی سێیەم، چوارەم و پێنەجەمی سەرەتایی لەو گوندە دەخوێنێ و تێکڕای ئەو سێساڵە دەبێتە قوتابیی مامۆستایەکی دڵسۆز و لێهاتوو و لێزان، بە ناوی مامۆستا عەبدوڵڵا جوڵفا. ئەو مامۆستا و ڕاهێنەرە کارامە و دڵسۆزە، دەبێتە هۆی گەشانەوەی پزیسکەکانی ئاورگی مرخ و لێهاتوویی و توانست و بڕشتی ئەو فێرخوازە تامەزرۆیە و هەروەها دەبێتە هۆکاری گوورانی تۆمی ئۆگریی بە زانست و زانیاری لە کێڵگەی زەین و بیری ئەو فێرخوازە خاوەنمرخە و شەقڵی تایبەتیی خۆی هەتاهەتایە لە زەین و بیرگەی ئەو قوتابییە وریایە و ئەو فێرخوازە پەیجۆرە بەجێدەهێڵێ.
مامۆستای کۆچکردوو، پۆلی شەشەم و هەروەها قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی لە قوتابخانەکانی مەهاباد دەخوێنێت و ساڵی ۱۳۴۳ دیپڵۆمی ئەدەبی وەردەگرێت.
شوێندانەرترین مامۆستاکانی، لە دواقۆناغی خوێندندا، مامۆستا سولێمان شاتریان و مامۆستا عەلی کاتیبی بوون.
مامۆستا جەوانمەردی قازی، لە نێوان ساڵەکانی ۱۳۴۶ هەتا ۱۳۴۸دا، لە ئاواییەکانی ئیسفەهان، وەک سپای دانیش، سەرقاڵی وانەوتنەوە و فێرکاری و بارهێنانی مناڵانی ئەم ناوچەیە بووە و، ساڵی ۱۳۴۶ بە فەرمی لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان وەک مامۆستای قوتابخانە سەرەتاییەکان دادەمەزرێت. ساڵی ۱۳۵۲ لە دانیشسەرای مامۆستایانی ورمێ وەردەگیرێ و ساڵی ۱۳۵۴ فەوقیدیپڵۆمی زانستە مرۆییەکان وەردەگرێ و دەبێتە مامۆستای قۆناغی دواناوەندی؛ سێ ساڵ لە ورمێ لە قوتابخانە دواناوەندییەکان سەرقاڵی وانەوتنەوە و فێرکاری و ڕاهێنانی قوتابییان دەبێ. ساڵی ۱۳۵۶، دوای دوو ساڵ خوێندن بە چەشنی نڤیساری(=مکاتبەای)، لە زانستگای«سپاهیان انقلاب» لە تاران، لیسانسی زمان و ئەدەبیاتی فارسی وەردەگرێت. مامۆستا عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی، هەر لە کاتی وەرگرتنی بڕوانامەی لیسانس، لە ساڵی ۱۳۵۶دا، هەتا کاتی خانەنشینبوونی، لە ساڵی ۱۳۷۶دا، بۆ ماوەی ۲۰ ساڵ بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و هەستی بەرپرسیاریەتی، لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی مەهاباد، سەرقاڵی وتنەوەی وانەی زمان و وێژەی فارسی، هاوڕێ لەگەڵ ئاوڕدانەوە لە زمانی کوردی و بەراورد لەگەڵ وێژەی کوردی بوو.
مامۆستا جەوانمەردی قازی، جیا لە ئیش و پیشەی فێرکاری و ڕاهێنان و، هاوکات، ئەوەندەی بۆی دەکرا و بۆی دەلوا و لەم هەل و مەرجە مێژووییە هەستیارەدا بووزی دەخوارد، بارهێنانی لایەنی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و نەتەوەیی قوتابییانیشی هاویشتبووە ئەستۆی خۆیەوە. ئەو مامۆستا پایەبەرزە، بە مشوورخۆری و پەیجۆری و خەمخۆرییەکی ئەوتۆ کە لە مامۆستاکانی و، بەتایبەت لە کەسایەتییە نەتەوەیی و نیشتمانییە ناودارەکانی بنەماڵە خاوەنپێگە و خودانهەڵوێستەکەی خۆی بە میرات پێی بڕابوو، بێوچان سەرقاڵی بارهێنانی ئاگادارانەی قوتابییان و وشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتیی فێرخوازان و هەروەها ڕێپیشاندەریی وێژەیی و زمانەوانی و نیشتمانی و ڕووناکبیرانەی قوتابییان بوو. مامۆستای کۆچکردوومان، نموونەی شارۆمەندێکی بەرپرسیار و مامۆستایەکی دڵسۆز و مرۆڤێکی خاوەنهەڵوێست و ڕاهێنەرێکی کارامە و پسپۆڕ و لێزان بوو کە قوتابییەکانی هاوکات: «ادب درس» و «ادب نفس»ـی لێ فێر دەبوون؛ ئەویش بەهۆی ئەوەوە کە، هاوکات، هەم خاوەندی کەسایەتییەکیی پێگەیشتوو و سەقامگیر و بەرپرسیاری کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بوو و، هەم خودان-پێگەیەکی زانستی و فێرکاری و پەروەردەییی بەرچاو و جیاواز و هەڵاوارتە بوو.
من خۆم ئەو شانازییەم پێبڕاوە کە لە سییەکانی هەتاوی و لە ساڵەکانی ۶۸‒۱۳۶۷، وەک قوتابی پۆلی سێیەمی لقی زانستە ئەزموونییەکان، لە قوتابخانەی دواناوەندیی «مامۆستای شەهید مەلا عەبدولکەریمی شاریکەندی»، لە مەهاباد، لە زەریای زانست و توانستی پەروەردەیی و فێرکارانەی ئەو مامۆستا پایەبەرزە و، هەروەها لە ڕووباری زوڵاڵی ڕاهێنان و بارهێنانی بەرپرسیارانەی کۆمەڵایەتی و وێژەیی و نیشتمانیی ئەو فێرکار و ڕاهێنەرە دڵسۆز و تێکۆشەرە، بە ڕادەی توانست و لێهاتوویی و بڕشتی خۆم، چەند لوێچێک هەڵێنجم و کێلگەی بیرگە و زەینی تێنووی خۆمی پێ تێرئاو بکەم و، وەک توێشوویەک لە ڕێچکە و ڕێبازی پەروەردەکارانە و فێرکارانەی داهاتوومدا، خۆمی پێ تێر و تەیار کەم.
مامۆستا جەوانمەردی قازی، لە مەودای پشووی نێوان یەکساعەت و نیوی وانەوتنەوەدا، زۆر جار بەو دەنگە زوڵاڵ و بێگەردەی و، بەو زمانە پاراوە و بەو ڕاوێژە بێخڵتە-و-خەوشەی و، بەو گفتولفتە شیرین و لەبەردڵانەی و، بەو ڕوونبێژی و ڕەوانبێژییە تایبەتەیەوە، شێعری شاعیرانی پایەبەرزی کوردی کلاسیک و نوێخوازی بۆ دەخوێندینەوە و دوابەدوای خوێندنەوەیان، بۆی شڕۆڤە و شی دەکردینەوە. هەر لەبیرمە جارێکیان، شێعری تەرز و بەرزی «عقاب»ـی دوکتۆر پەرویزی ناتیلیخانلەری لە سەرەتاوە تا کۆتایی بۆ خوێندینەوە و دوابەدوای ئەو، هەر دوو وەرگێڕانە بەهێز و پێزەکەی مامۆستا هەژار و مامۆستا سوارەی ئێلخانیزادەی، لە دەسپێکڕا تا ئەنجام و کۆتایی بۆ خوێندینەوە و، ئینجا هاتە سەر لایەنی بەراوردکاری و پێکگرتنی ئەم سێ شێعرە شاز و هەرمانە، لە ڕوانگەی ئەدەبی بەراوردکاری و بەپێی پێوەرەکانی وێژەی بەراوردکارانە و هەڵسەنگاندنی جوانیناسانە و داهێنەرانەوە. لە کۆتاییشدا دەیگوت شابەیتی وەرگێڕانەکەی مامۆستا هەژار ئەم بەیتەیە:
کـێ بەسـەربـەرزی ژیـابێ تاوێ
ژینی قاڵاوی بە پووشێک ناوێ
هەروەها دەیگوت شابەیتی وەرگێڕانەکەی مامۆستا سوارە ئێلخانیزادە، ئەو بەیتەیە:
ژینی کورت و بە هــەڵۆیی مــردن
نەک پەنا بۆ قەلی ڕووڕەش بردن
مامۆستا جەوانمەردی قازی، زۆر جار ژمارەی نوێی گۆڤاری «سروە»ـی دەهێنایە پۆلی وانەوتنەوە و دوای خوێندنەوەی چەندین بابەتی ناو ئەم گۆڤارە، چ پەخشان و چ شێعر، حەولی دەدا هەلێک بڕەخسێنێت بۆ ناساندنی پتری زمان و وێژەی کوردی بە ئێمە و داوای لێ دەکردین کە وەک ئەرکێکی ڕووناکبیرانە و بەرپرسیارانە، نە تەنیا ئەم گۆڤارە دەستەبەر کەین و بیخوێنینەوە و کەڵک و چێژ و بەهرەی لێوەرگرین، بەڵکوو بە هاواڵان و ئاشنایان و دۆستانی خۆشمانی بناسێنین و داوایان لێ بکەین تا ئەوانیش دەستەبەری بکەن و بیخوێننەوە، تا لەو سۆنگەوە ئەرکێکی گرنگی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و بەرپرسیارانەی خۆیانیان ڕاپەڕاندبێت.
وەک بیرەوەرییەک ئەوەم هەر لەبیرە کە مامۆستا جەوانمەردی قازی، زۆر ئۆگری ئەم غەزلەی حافزی شیرازی بوو کە بەم دوو بەیتە دەست پێدەکا:
حجاب چهرەی جان میشود غبـار تــنـــم
خوشا دمی کە از آن چهره پرده برفکــنـم
چنینقفس نەسزای چومن خوشالحانیست
روم بە گلشن رضوان که مرغ آن چمـنـــم
زۆر جار لە سەرەتای وانەوتنەوە، ئەو شێعرەی دووپات دەکردەوە و دەیخوێندەوە؛ هەر دەتگوت لەگەڵ ئەم غەزەلەی حافز و لەگەڵ ڕاسپاردەی ئەم شێعرە، چەشنێک خزمایەتی و دۆستایەتی و ئاشنایەتیی تایبەت و سێمبۆلیک و ڕاز-وێنەی هەبوو! دیاره مامۆستای کۆچکردوو بەپێی ڕاسپاردەی ئەم شێعرە دڵخوازەی خۆی، بە دڵخوازی خۆی گەیشت و مەلی نەسرەوتووی ژیانی بێبەقای ئەو لەو دونیایە، لە شەقەی باڵی دا و بەرەو دوندی نەمری و لووتکەی هەرمان و دونیای هەتاهەتایی هەڵفڕی.
جێی خۆیەتی لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەش بکەین کە لە ئاوا کەسێکی کە لەلایەکەوە نەوەی زانا و بیریار و ڕووناکبیری پێشەنگ و پێشڕەو و مامۆستای شاعیرانی موکریان، سەیفولقوزاتی پایەبەرز بێ و، لە لایەکی ترەوە نەوەی سالاری قازی، کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و جوامێری هەرەناوداری موکریان، بێ و هەروەها نەتیجەی شەهیدی نەمری خاک و نیشتمان لە دژی دەستدرێژیی سپای ڕووسی تێزاری، میرزا فەتتاحی قازی(قازی فەتتاح) بێ، هەر ئەوە چاوەڕوان دەکرێ و هەر ئەوەی لێ دەوەشێتەوە؛ پێشنینانی ئێمە ڕاستیان وتووە کە: گیا لەسەر پنجکی خۆی شین دەبێتەوە!
لە خوای کارساز و کاربەجێ داواکارین، بارتەقای ئەم هەمووە دڵسۆزی و مشوورخۆری و خەمخووری و پەیجۆرییەی مامۆستا عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی و، هەروەها بارتەقای هەستی بێگەرد و بێخەوشی بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و، هەڵوێستی مرۆڤانە و خوووخدەی ئینسانتەوەر و حەقویستانە و مافخوازانەی ئەم مامۆستا پایەبەرزە، هاوڕێ لەگەڵ تەمەنێکی داڕماڵ لە ڕاپەڕاندنی ئەرکی پیرۆزی فێرکاری و ڕاهێنان و بارهێنان و پەروەردەی قوتابییان و لاوان و فێرخوازان، ڕووحی بەرزی ئەم مامۆستا دڵسۆزە لە بەهەشتی وادەپێدراوی خۆیدا بحاوێنێتەوە و بلاوێنێتەوە و بحەسێنێتەوە.