اخبار, سیاسی, عناوین بین الملل, ویژه خبری, یادداشت

ڕێککەوتنی مەککە و کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکانی لەسەر دۆخی کورد

یادداشت: عەبدولقادر نیازی

ڕێککەوتنی بەرگری هاوبەشی مەککە کە لەلایەن تورکیا، سعوودییە و پاکستانەوە واژۆ کرا، ڕەنگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پرسی کورد و دۆخی کوردستان نەخاتە نێو دەقی خۆیەوە بەڵام، بەهۆی ئەو ئاراستە نوێیەی کە ئەو ڕێککەوتنە، لە هاوکێشەی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا دروستی دەکا، ناتوانرێ کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکانی لەسەر دۆخی کورد پشتگوێ بخرێ. ئەو هاوپەیمانییە لە کاتێکدا بە ئەنجام گەیشتووە کە ملمڵانێی نێوان ئامریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و ناوچەکە بە ئاراستەی گۆڕانکارییەکی نوێی ئەمنی و ستراتژی دا دەچێ. لە ڕاستی دا ترۆئیکایەی تورکیا، سعوودییە و پاکستان، لەلایەکەوە دەرئەنجامی کەمبوونەوەی متمانە بە قەڵغانی ئەمنی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بە تایبەت دوای ئەوەی واشێنگتۆن لە هەندێ قۆناغدا نەیتوانی وەک پێویست بەرگرییەکی کارا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران و حوسییەکانی یەمەن بۆ هەندێ وڵاتی ناوچە دابین بکا. ئەو ڕێککەوتنە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزراوە: توانای سەربازیی تورکیا وەک یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی ناتۆ، توانای ئەتۆمی پاکستان وەک تاکە وڵاتی ئیسلامی خاوەن چەکی ئەتۆمی و سامان و کاریگەریی دارایی و دیپلۆماسیی سعوودییە وەک یەکێک لە هێزە کاریگەرەکانی ناوچە. ئامانجی سەرەکیی ئەو هاوپەیمانییە، لەلایەکەوە، ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و یەمەن، بە تایبەت دوای ئەو هێرشانەی کە لەلایەن ئێران، حوسییەکان و هەندێ گرووپی چەکداری شیعی عێراقەوە ئاراستەی خاک و ژێرخانی ئەمنی سعوودییە کراون. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگیرێ کە ئەو پەیماننامەیە لە ڕووی پراکتیکییەوە هێشتا مێکانیزمی ڕوونی بۆ جێبەجێکردنی هاوکاریی سەربازیی یەکگرتوو نییە. نە بوونی تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ بە مانای پێوەندییەکی فەرمیی بەرگریی هاوبەشە، نە توانای ئەتۆمی پاکستان بە شێوەیەکی فەرمی دەخرێتە خزمەت بەرژەوەندیی ئەندامانی تری ئەو هاوپەیمانییە و نە پێوەندییەکانی سعوودییە و ئامریکا، دەو ئان و ساتەدا توانایی کاڵبوونەوە و هەڵوەشاندنەوەیان هەیە. هەڵوێستی پاکستان لە بەشداری کردن دەو ڕێککەوتنەدا، ڕەنگە زیاتر لەوەی دژ بە ئێران بێ، پێوەندی بە زیادبوونی نیگەرانییەکانی لە بەرامبەر ئیسڕائیل و گۆڕانی هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا هەبێ.

 

پاکستان و تورکیا هەردووکیان هەستیارییەکی تایبەتییان بەرامبەر بە فراوانبوونی پانتای سیاسەتەکانی ئیسڕائیل هەیە و لەو ڕوانگەیەوە ئەو ڕێککەوتنە دەتوانێ وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ دژ بە ئیسڕائیل لێک بدرێتەوە. لە لایەکی ترەوە، بوونی ئەو ڕێککەوتنە دەتوانێ پرۆسەی ئاسایی‌کردنەوەی پێوەندییەکانی سعوودییە و ئیسڕائیل و داننان بە پەیمانی ئیبراهیم، بە شێوەیەکی کاریگەر بخاتە پەراوێزەوە، چونکە هاوکێشەی نوێی ئەمنی لە ناوچەکەدا پێوەندییەکانی نێوان سعوودییە و ئیسڕائیل ئاڵۆزتر دەکا. لەگەڵ هەمووی ئەوانە دا، پرسی کوردستان دەو ڕێککەوتنەدا نابێ لەبیر بکرێ. سەرەڕای ئەوەی کوردستان وەک شوێندانەرییەکی ژێئۆپۆلێتیکی و ستراتژیکی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دە دەقی پەیماننامەکەدا ئاماژەی پێ نەکراوە بەڵام، کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکارییە دەتوانێ لە دوو ئاراستەی سەرەکییەوە دەرکەوێ. یەکەم: پتەوتربوونی پێگەی تورکیا. تورکیا بەو ڕێککەوتنە دەتوانێ پشتگیرییەکی سیاسی و ستراتژیی زیاتر لە لایەن سعوودییە و پاکستانەوە بۆ خۆی دروست بکا. ئەوەش دەتوانێ کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە باکووری سووریا و عێراق و هەروەها PKK هەبێ، بە تایبەتی لەبەر پێوەندییە سەربازییەبەهێزەکانی نێوان تورکیا و پاکستان و هاوکارییەکانی تورکیا و سعوودییە لە ساڵانی ڕابردوودا. دووهەم: قووڵبوونەوەی ڕکابەری نێوان تورکیا و ئیسڕائیل. ئیسڕائیل وێڕای ئەوەی بە نیگەرانییەوە سەیری ئەو ڕێککەوتنە دەکا، هاوکات ساڵانێکیشە تورکیە وەک بەدیل و ئاڵتەرناتیوێکی سوننی ئێران دەبینێ، چونکە تورکیا دەتوانێ وەک هێزێکی جێگرەوەی هەندێ لایەنی نفووزی ئێران لە ناوچەکەدا خۆی نیشان بدا. دەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانێ ببێتە یەکێک لە ناوچەکانی ملمڵانێی ناڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیسڕائیل، بە تایبەت لە کاتێکدا ئیسڕائیل هەوڵی فراوانکردنی پێگەی خۆی لە باشووری سووریا دەدا و تورکیاش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا پشتگیری لە حکوومەتی ناوەندی سووریا دەکا. ئەو تێکەوەهاویشتنە زۆر بە ئاسانی دەتوانێ ڕۆژئاوا بکاتە شوێنی ململانێی نوێی تورکیە و ئیسڕائیل.

 

لە هەمان کاتدا، پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە ژێئۆپۆلێتیکییەدا دەتوانێ ببێتە بابەتێکی ئاڵۆزتر، چونکە هەم تورکیە و هەم ئێران هەوڵ دەدەن بە بەرژەوەندییە ستراتژییەکانی خۆیاندا بچنەوە لە هەرێمی کوردستان دا و ئەوەش زۆر دە بەرژەوەندی ئامریکا و ئیسڕائیل و بەغدا دا نییە. دەکۆتاییدا، دەکرێ بوترێ کە ڕێککەوتنی مەککە، هەرچەندە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پرسی کوردی تێدا نییە و هیچ ماددەیەکی تایبەت بە کوردستانی تێدا نەگونجاوە بەڵام، لە ڕێگەی گۆڕینی پێوەندییە ستراتژییەکان و هاوکێشەی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، دەتوانێ کاریگەری لەسەر دۆخی کورد هەبێ.
چارەنووسی کورد، وەک زۆرجار لە مێژووی نوێدا دیار بووە، تەنیا بە هەڵسوکەوتی ناوخۆیی دیاری ناکرێ، بەڵکوو پێوەندییەکی قووڵ و ڕاستەوخۆشی هەیە بە گۆڕانکارییەکانی هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا. لەو ساتە هەستیارەدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو ڕێکخستنەوەیەکی نوێی ستراتژی دەچێ، هەر گۆڕانکارییەک لە هاوسەنگیی هێزەکان دەتوانێ کاریگەریی خۆی لەسەر پرسی کورد دابنێ. سەلبی یا ئیجابی بوونی ئەو کاریگەرییانە، پتر لە هەر هۆکارێکی دەرەکی، پەیوەستە بە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی خودی کورد لەگەڵ ڕێئاڵ پۆلێتیکی ناوچە…

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *