اخبار, سیاسی, عناوین بین الملل, ویژه خبری, یادداشت

وەهمی دۆستایەتی و حەقیقەتی سیاسەتی بەرژەوەندی

یادداشت: عەبدولقادر نیازی

(لیندزی گڕاهام و فانتزی هاوپەیمانیی ئەمریکا لەگەڵ کورد)

دە مێژووی سیاسی کورد دا، زۆرجار جیاوازیی نێوان دۆستایەتییەکی تاکتیکی و کاتی لەگەڵ هاوپەیمانییەتییەکی مێژوویی کە لەسەر پڕەنسیپی دابینکردنی بەرژەوەندییە ستڕاتژییەکانی کورد دامەزرابێ، ون بووە. کورد، بەهۆی ئەوەی زۆرجار دەنێو بازنەیەکی نێودەوڵەتیی نادادپەروەرانەدا بە تەنیا ماوەتەوە، بەردەوام بەدوای دەنگێک، کەسێک یا دەسەڵاتێک دا گەڕاوە تا بتوانێ ئەو کەلێن و بۆشاییە سیاسی و مێژووییانە پڕ کاتەوە کە دە نێوان ئارەزووی سیاسی و واقیعی جیهانی دا خەریکی هاتوچۆ و هەڵکشان داکشانن. دەو چوارچێوەیە دا، لیندزی گڕاهامیش، وەک سناتۆرێکی ئامریکایی کە لەسەر پایە و بناغەیەکی وەهماوییەوە، بۆ بەشێکی زۆر لە کورد وەک نیشانەی “دۆست و هاوپەیمان و یاری دێرین”؛ هاتە ئاراوە، لەو فانتزییە بۆشە بێ بەش نەکرا. ئەویش وەک کەسێک کە کاتی خۆی دژی داعش قسەی کردووە و پشتیوانیی لە هاوکاریی سەربازیی کورد لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دا دەربڕیوە بۆ لەناوبردنی تیرۆریزم و فێندامێنتالیزمی سەرەڕۆیانە لە عێراق و سووریە. بەڵام بە خوێندنەوەیەکی سیاسی و بەگوێرەی واقعی سەردەم و بوارەکانی ڕێئاڵ پۆلێتیک، دەردەکەوێ کە وەستان لەسەر ئاستی کردار و قسەی تاکە کەسێک هیچ بنەمایەکی عەقڵانی و سیاسی و ستڕاتژی نییە.

 

ئەوەی دیارە ئەوەیە کە دە سیاسەتی نێودەوڵەتی دا، تاکێکی وەک لیندزی گڕاهام نە دەنگی سیستمێکی سیاسییە، نە توانایی گۆڕینی بنەمای سیستمیشی هەیە بە سوودی نەتەوەیەک وەک نەتەوەی کورد. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا گڕاهام دۆستی کورد بوو یا نا؟ بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی زلهێز، کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف دەبینێ، یا وەک ئامێر یا هێزێکی کاتی دەنێو ڕێکخستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی دا کە بە پرستیژی کەسێکی وەک گڕاهام فەرمییەتی پێ بدا؟ لە ڕوانگەی واقیعیی سیاسییەوە، دەوڵەتەکان هاوپەیمانیی خۆیان نەک لەسەر بنەمای خۆشەویستی و هاوڕێیەتی سۆزدارانە، بەڵکوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و هاوسەنگیی هێز پێک دێنن. ئەگەر ئەمریکا لە قۆناغێک دا پشتگیریی لە کورد کردووە، ئەو پشتگیرییە زۆرجار لەو خاڵەوە هاتووە کە کورد بووەتە بەشێک لە پڕۆژەی ئەمنی و سیاسیی و بەرژەوەندی خودی ئەمریکا دە ناوچەدا، نەک بۆ ئەوەی خۆی بە بەرپرسیار بزانێ بەرامبەر بە پرس و چارەنووسی کورد. ئەوەی دێرەدا گرینگە ئەوەیە کە تێکەڵکردنی سۆزدارانەی دۆستایەتییەکی کاتی و هاوپەیمانییەکیی ستڕاتژی و مێژوویی دوور و جیاوازە لە واقعییەت و عەقڵانییەتی سیاسی. ئەمریکا هەرگیز خۆی وەک دۆستێکی بەردەوامی کورد نەناساندووە، بەڵکوو وەک هاوبەشێکی تاکتیکی لە شەڕی دژ بە تیرۆر و داعش و کەمکردنەوەی ڕەخنەی هەندێ دەوڵەتی ناوچە و ڕێکخستنی تاکتیک و ستڕاتژییەکانی دە ناوچەدا، خۆی ئاراستە کردووە کە کەمترین سوودیان بۆ بەرژەوەندی درێژخایەنی کورد نەبووە. لیندزی گڕاهام، پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە کە پشتیوانیی ئەمریکا لە کورد”بەشێکە لە بەرفرەوانکردنەوەی ستراتژیی  واشنگتۆن”، نەک لەبەر ئەوەی کورد مافی خۆی هەیە بەڵکوو لەبەر ئەوە کە دەو قۆناخە تاکتیکییەدا پێویستی بە ئامێرێکی کاتی هەیە. ئەوە لە کاتێک دایە کە هەر ئێستاش ئامریکا بە نیازی هەڵوەشاندنەوەی بەسپایی سیستمی فێدڕالیزم و مسۆگەرکردنی سیستمی ناوەندییە لە عێراق کە خۆی دژ بە مافی کوردە لە هەرێم.

ئەوە بە واتای ئەوەیە کە تەنانەت ئەو کەسایەتییانەی بەڕواڵەت خاوەنی دەنگی بەرزن، سەرقاڵی ستڕاتژییەکانی سیستمێکن کە لە هەموو شتێک زیاتر بەرژەوەندیی خۆی دەپارێزێ. بریتانیا، یەکێتیی سۆڤیەت، ئەمریکا، فەڕانسە و…، بەگشتی دە قۆناغەجیاوازەکان دا پەیوەندییان لەگەڵ کورد ڕێکخستووە بەڵام نەک بۆ مسۆگەرکردنی مافی کورد بەڵکوو بەپێی پێداویستیی تاکتیکی و ستڕاتژی خۆیان. وێدەچێ دەو قۆناغەدا، کورد پتر لەوەیکە لەخۆی بپرسێ: کێ دۆست و پشتگیری ئێمەیە؟ دەبێ ئەو پرسیارە بگوازێتەوە قۆناغێکی تر: کورد چۆن خۆی بکا بەهێزێکی سیاسی شوێندانەر لەسەر سیاسەت و ژێئۆپۆلێتیکی ناوچەدا؟ جێگوڕکێ کردن بەو دوو پرسیارەیە کە گواستنەوەی کوردی لێ دەکەوێتەوە لە کەلەپووری بەرهۆکاری سیاسی و بێ دەسەڵاتییەوە بۆ دەستپێشخەریی چالاک و زیندوو.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *